جەی دی ڤانس جێگری سەرۆكی ئەمریكا رایدەگەیەنێت، واشنتۆن بیر لە فرۆشتنی فڕۆكەی جەنگی ئێف 35 بە توركیا دەكاتەوە.
دوای كۆبوونەوەی نێوان دۆناڵد ترەمپ و مارك رووتە سكرتێری گشتی هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) لە ئۆفیسی ئۆڤاڵ ، ڤانس پرسیاری ئەوەی لێكرا كە چی پێویستە بۆ فرۆشتنی فڕۆكەی ئێف 35 بە ئەنكەرە، ڤانس رایگەیاند: پیت هێگسێتی وەزیری جەنگ و تەواوی تیمەكە ئێستا كار لەسەر لێكۆڵینەوە لەم بابەتە دەكەن، چونكە هەندێك شت هەن كە پێویستە پشتڕاست بكرێنەوە بۆ ئەوەی پابەندبن بە یاساكانی ئەمریكا، ڤانس روونیكردەوە، ئەو پرسە بە پلەی یەكەم پەیوەندی بە كۆنگرێسەوە هەیە و وتی ئەوە پەیوەندی بەوەوە هەیە كە ئایا توركیا پابەندە بە یاساكانی ئەمریكاوە بۆ ئەوەی بتوانێت فڕۆكەی ئێف 35 بەدەستبهێنێت.
ئەم لێدوانانە لە كاتێكدایە ئیدارەی ترەمپ رووبەڕووی بەربەستی یاسایی توند بووەتەوە، كە لەلایەن كۆنگرێسەوە پەسەندكراوە، كە ڕێگری دەكات لە فرۆشتنی فڕۆكەی ئێف 35 بە ئەنكەرە تا ئەو كاتەی توركیا بەردەوام بێت لە خاوەندارێتی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێس400ی روسی.