وەزارەتی دارایی عیراق گڵۆپی سەوزی بۆ لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانی هەرێمی كوردستان هەڵكرد، بەڵام جێبەجێكردنی بڕگەی مەقاسە مەترسیی كورتهێنان و دواكەوتنی پارەی مووچەخۆرانی لێ دەكرێت.
بەپێی بەدواداچوونەكانی گەلی كوردستان،لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن وەزارەتی دارایی عیراقەوە پەسەندكراوە. ئەمە دوای ئەوەدێت كە لە17ی حوزەیرانی 2026، هەرێمی كوردستان لیستی مووچەو ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئایاری تەسلیمی بەغداد كردبوو.
لێپرسراوێكی باڵا لەئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئاشكرایكردووە، فالح ساری وەزیری دارایی عیراق، سورە لەسەر جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی هەولێرو بەغداد سەبارەت بەداهاتی نانەوتی. وەزیری دارایی عیراق داوای بڕی 120 ملیار دینار وەك داهاتی نانەوتیی مانگانە دەكات، ئەمەش لەكاتێكدایە كە كۆكردنەوەی داهاتی مانگی حوزەیران هێشتا تەواو نەبووە و هەفتەیەكی ماوە.
تائێستا یەكلایی نەبووەتەوە، ئایا وەزارەتی دارایی عیراق بۆ مانگی حوزەیران تەمویلی تەواوی مووچە دەنێرێت یان داهاتی نانەوتی مەقاسە دەكات. لێپرسراوە داراییەكە هۆشداری دەدات كە ئەگەر بەغداد بڕی 120 ملیار دینار لەتەمویلی مووچە ببڕێت، گرفت و كورتهێنانی گەورە دروست دەبێت، چونكە مانگی رابردوو داهاتی ناوخۆی هەرێم 70% كەمیكردووەو داهاتی ئەم مانگەش هێشتا لەئاستی پێویستدا نییە.
ئەمەش لەكاتێكدایە، وەزیری دارایی عیراق بڕیاریداوە لەمەودوا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ مووچەی فەرمانبەرانی عیراق خەرج دەكات.
هەروەها هاوشێوەی مووچەی مانگی رابردوو، بۆ ئەم مانگەو مانگەكانی داهاتوو، وەزارەتی دارایی عیراق چاوەڕێی ناردنی 120 ملیار دینارەكەی داهاتی ناوخۆی هەرێم ناكات و خۆی راستەوخۆ ئەو بڕە لەپارەی مووچەی مانگانەی هەرێم دەبڕێت.
وەزیری دارایی عیراق تەئكیدی لەوەشكردووەتەوە، بەپێی رێككەوتنی پێشتری نێوان حكومەتی عیراق و حكومەتی هەرێم، هەولێر پابەندكراوە بەگەڕاندنەوەی 120 ملیار دینار لەداهاتی نانەوتی بۆ خەزێنەی فیدراڵی.