پێدانی مۆڵەتی نوێ بۆ پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون لە تەواوی عیراق راگیرا

کوردستان 11:10 AM - 2026/06/21

بڕیارێكی لەناكاوی حكومەتی عیراق، پڕۆسەی وەبەرهێنان لە كەرتی نیشتەجێبووندا رادەگرێت و زیانێكی زۆر بە وەبەرهێنەران دەگەیەنێت، ئەمەش وەك ئامادەكارییەك بۆ دابەشكردنی زەوی بەسەر هاووڵاتییاندا.

بە بڕیارێكی دەستەی وەبەرهێنان كە پاڵپشتە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق، پێدانی مۆڵەت بۆ دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون لە تەواوی عیراق راگیرا. ئەم بڕیارە تەواوی ئەو مۆڵەتانەشی گرتووەتەوە كە ڕێكارە یاسایی و كارگێڕییەكانیان تەواو بووە و تەنیا كاتی راگەیاندنیان مابوو، ئەمەش بووەتە هۆی وەستانی ژمارەیەكی زۆر لە پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون لە شارە جیاوازەكانی عیراقدا.

بەپێی بەدواداچوونەكان، هۆكاری سەرەكیی راگرتنی ئەم مۆڵەتانە بۆ پلانێكی نوێی حكومەتی عیراق دەگەڕێتەوە. حكومەت بڕیاریداوە یەك ملیۆن پارچە زەوی بۆ هاووڵاتیان دابین بكات و دابەشی بكات، هەر بۆیە دەیەوێت سەرەتا نەخشەی زەوییەكان و شێوازی دابەشكردنیان رێكبخاتەوە پێش ئەوەی مۆڵەتی نوێ بە كۆمپانیاكانی وەبەرهێنان بدات.

وەبەرهێنەران نیگەرانیی خۆیان لەم بڕیارە دەربڕیوە و دەڵێن ، زیاتر لە ساڵێكە  سەرقاڵی تەواوكردنی ڕێكارەكانی وەرگرتنی مۆڵەتە، بەڵام لە دوایین رۆژدا پێیان ڕاگەیاندوون كە كارەكەیان راگیراوە.  بە وتەی ئەو وەبەرهێنەرانە،ئەم جۆرە بڕیارانە زیانێكی دارایی زۆر یان پێدەگەیەنێت و متمانەی بازاڕی نیشتەجێبوون لاواز دەكات.

لەوبارەیەشەوە دلێر زیدان، بەڕێوەبەری لقی كەركووكی دەستەی وەبەرهێنان رایگەیاند،بڕیارەكە ناوەندییە و لە بەغدادەوە دەركراوە. بڕیاریشە لە چەند رۆژی داهاتوودا دەستەی گشتیی وەبەرهێنان لە بەغداد روونكردنەوەی تەواو و ڕێنمایی نوێ لەسەر شێوازی كاركردن و چارەنووسی ئەو پڕۆژانە بدات كە ئێستا كارەكانیان راگیراوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو