جێگری سەرۆكی پەرلەمانی توركیا و ئەندامی وەفدی ئیمراڵی دەم پارتی رایگەیاند، ئەگەر ئیرادەی سیاسی هەبێت، دەركردنی یاسای تایبەت بە پڕۆسەی ئاشتی كارێكی زۆر نییە و لە ماوەی پێنج ڕۆژدا تەواو دەبێت.
پەروین بوڵدان، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی توركیا لە چاوپێكەوتنێكی میدیایدا، تیشكی خستە سەر هەوڵەكان بۆ دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی و وتی "هەتا پڕۆسەكە كاتی زیاتر بخایەنێت، مەترسییەكانی سەركەوتنی زیاتر دەبن. ئەگەر ویست هەبێت، دەركردنی یاساكە تەنیا پێنج رۆژ كاری دەوێت. ئەگەر یاساكە دەربچێت، نەخشەڕێگاكە دیاری دەبێت و پڕۆسەكە زۆر خێرا دەبێت. سەبارەت بە وردەكارییەكانی یاساكە، پەروین بوڵدان روونی كردەوە كە باس لە یاسایەكی چوارچێوە دەكرێت كە تەنیا 7 بۆ 8 ماددە لەخۆ دەگرێت. ئەگەر دوو ڕۆژ لە لیژنەكاندا كاری لەسەر بكرێت و دواتر بخرێتە بەردەم كۆبوونەوەی گشتی پەرلەمان، لە ماوەی 5 رۆژدا هەموو كارەكانی كۆتایی دێت.
ئەو ئەندامەی شاندی ئیمراڵی تەئكیدی لەوەش كردەوە كە پێویستە پێش پشووی پەرلەمان ئەم هەنگاوە بنرێت، چونكە دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەگەرەكانی شەڕی نێوان ئێران و ئەمریكا و ئیسرائیل نادیارن، هەروەها لە ناوخۆی توركیاشدا كەسانێك هەن دەیانەوێت پڕۆسەكە سەركەوتوونەبێت، بۆیە هەر دواكەوتنێك مەترسییەكان بۆ سەر پڕۆسەی ئاشتی زیاتر دەكات