قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا لە عیراق كۆبووەوە

کوردستان 09:42 PM - 2026/06/16


قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم لەگەڵ عیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا لە عیراق كۆبووەوە و لە كۆبوونەوەی نێوانیاندا چەند پرسێكی جێی بایەخی هەردوولا تاوتوێكران.

لە دەستپێكی كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی سێشەممە بە ئامادەبوونی ئەندرو بیزلی، كونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێم بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی دەستخۆشی لە باڵیۆزی بەریتانیا كرد بەهۆی سەردانكردنی لالش و ئەلقوش و ئاگاداربوون لە دۆخی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییانی ئێزدی و مەسیحی لە ناوچەكەدا و دواتر باس لە حكومەتی نوێی عیراق كرا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی پشتیوانیكردن لەم حكومەتە و جەختكرایەوە لەسەر چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لەم قۆناغەدا و هەروەها بە پێویست زانرا هەردوو حكومەتی هەرێم و بەغدا پێكەوە هاوكار و هەماهەنگ بن بۆ گەشەپێدانی ئابووریی عێراق و باشتركردنی دۆخی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییان.

لە تەوەرێكی دیكە باس لە دۆخی ناوچەكە كرا و بە گرنگییەوە باس لە رێككەوتنی نێوان ئەمریكا و ئێران كراو هەردوولا هاوڕابوون ئەم رێككەوتنە دەرفەتێكی گرنگە بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە و كاریگەریی گەورەی دەبێت لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی هەموو ناوچەكە.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆكرا لەبارەی دۆخی سیاسیی ناوخۆی هەرێم و جەخت لەسەر پێویستیی دەستپێكردنەوەی دانووستانەكان و لابردنی ئاستەنگ و بەربەستەكانی بەردەم پێكهێنانی حكومەت كرایەوە و هەر لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەیدا بە كۆبوونەوەكەی رۆژی رابردوو لەگەڵ تۆم باراك، نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری عیراق و سوریا و بە كۆبوونەوەیەكی بەرهەمداری وەسف كرد و تیایدا سەرۆكی یەكێتی سیاسەت و هەڵوێستی یەكێتی لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمەوە بۆ نێردەی سەرۆكی ئەمریكا روون كردەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو