ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران دەڵێت، لەمشەوەوە تەواوی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی ناوچەكە بە لوبنانیشەوە كۆتایی دێت و گەمارۆكان هەڵدەگیرێن.
دوای راگەیاندنی رێككەوتنی نێوان تاران و واشنتۆن، ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران بەیاننامەیەكی بۆ خەڵكی وڵاتەكەی بڵا وكردەوە و ئاماژەی بەوەكرد،كۆماری ئیسلامیی ئێران بە خەڵكی بەشەرەفی ئێران رادەگەیەنێت ، كە لە ژێر رێنوێنی ژیرانەی رابەری كۆچكردوو ، باڵادەستی خۆی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمریكا و ئیسرائیل جێگیر كردووە.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئەوەش هاتووە: لەژێر سەركردایەتی ژیرانەی ئێران ، بە پاڵپشتی هەموو خەڵك و بە پشتبەستن بە بڕیاری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، دوای كاتێكی پڕ لە زەحمەت و چڕ و پڕ دانوستانەكان كە چەند مانگێكی خایاند، ئێوارەی 14 ی حوزەیران دەست لێدانی كۆتایی خرایە سەر دەقی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن سەبارەت بە دانوستانەكان بۆ كۆتایی هێنان بە شەڕی نێوان ئێران و ئەمریكا،لە درێژەی راگەیەندراوەكەدا هاتووە : بە پشتبەستن بەو رێككەوتنانەی كە كراوە، شەڕ و ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان لە هەموو بەرەكان بە لوبنانەوە، لە ئەمشەوەوە دەستبەجێ و بەشێوەیەكی هەمیشەیی كۆتایی دێت، جگە لەوەش ئەو گەمارۆ دەریاییەی كە بەسەر ئێراندا سەپێنراوە، دەستبەجێ و بە تەواوی كۆتایی دێت.
ئاماژە بەوە شكراوە ، ئەم یاداشتی لێكتێگەیشتنە لە رۆژی هەینی 19ی حوزەیران بە رەسمی ئیمزا دەكرێت.لە كۆتایی راگەیەندراوەكەشدا هاتووە: دانوستانەكان بە ئامانجی گەیشتن بە رێككەوتنی كۆتایی دوادەخرێن تا ئەو كاتەی لایەنی بەرامبەر بە یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن ئەركەكانی خۆی جێبەجێ دەكات. كۆماری ئیسلامی ئێرانیش پێزانینی خۆی بۆ هەوڵەكانی كۆماری ئیسلامی پاكستان و دەوڵەتی قەتەر دەردەبڕێت.
ئەمەش لە كاتێكدایە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا رایگەیاند، واشنتۆن و تاران گەیشتوونەتە رێككەوتنی ئاشتی و گەرووی هورمز دەكرێتەوە و گەمارۆدەریایەكان هەڵدەگیرێن.