بڕیارە لەم هەفتەیەدا وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان لیستی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان رەوانەی بەغداد بكات.
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان راگەیاند، سەرجەم ئامادەكارییەكانی لیستی مووچەی مانگی حوزەیران دەستیانپێكردووە و ئێستا لە قۆناغەكانی كۆتاییدان.
ئەو سەرچاوەیە وتی، بڕیارە ئەم هەفتەیە لیستی مانگی حوزەیران و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئایار لەلایەن وەفدێكی تەكنیكی وەزارەتی داراییەوە بۆ بەغداد بنێردرێت. بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، تاوەكو كۆتایی ئەم هەفتەیە، واتا رۆژی چوارشەممە یان پێنجشەممە، لیستەكە تەسلیمی بەغداد دەكرێت.
پێشتریش سەرچاوەیەك لە گەنجینەی سلێمانی بە گەلی كوردستانی راگەیاندبوو، كاركردن لەسەر خشتەی مووچەی مانگی 6ی ساڵی ٢٠٢٦ لەسەر سیستەمی ناوەندی مووچە (پەیرۆڵ)، لەرۆژی 10ی حوزەیرانەوە تەواوبووەو گشت یەكە ژمێریارییەكانی وەزارەتەكان رەوانەی گەنجینەكانیان كردۆتەوە، چاوەڕیدەكرێت لەچەند رۆژی داهاتوودا لەلایەن وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمەوە وردبینی تێدا بكرێت و رەوانەی وەزراتی دارایی عیراق بكرێت بەمەبەستی وردبینیكردنی.
بەپێیی زانیارییەكان لە هەرێمی كوردستاندا، هەزار و 189 یەكەی ژمێریاریی فەرمانگە و دامودەزگا حكومییەكان هەن كە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە لە سیستمی پەیرۆڵ پەسەند كراون و لیستەكەیان داخڵ كردووە.