هاووڵاتییانی سویسرا دەچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان بۆ بڕیاردان لەسەر پێشنیارێكی كەمپەینی پارتە راستڕەوەكان، كە ئامانج لێی سنوورداركردنی ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەكەیە بۆ كەمتر لە 10 ملیۆن كەس، ئەمەش وەك هەنگاوێك كە لەسەر ئاستی ئەورووپادا هاوشێوەی نەبووە.
لە وڵاتی سویسرا بەمەبەستی سنوورداركردنی دانیشتووانەكەی، ڕیفراندۆم بەڕێوەدەچێت و لە ڕیفراندۆمەكەدا پرسیارێكی سادە لە هاووڵاتییان دەكرێت، ئەویش ئەوەیە: ئایا ژمارەی دانیشتووانی سویسرا لە 10 ملیۆن كەسدا سنووردار بكرێت؟ ئەگەر زۆرینە بە بەڵێ دەنگ بدەن، ئەوا سویسرا دەبێتە یەكەم وڵاتی ئەورووپا كە ژمارەی دانیشتووانی سنووردار بكات.
بەپێی ئامارێكی وڵاتەكە، ژمارەی ئێستای دانیشتووان لە نۆ ملیۆن كەس زیاترە و زیاتر لە چارەكێكی ئەم ژمارەیەش پەنابەرن. پێشنیاری سنوورداركردنەكە لەلایەن پارتی گەلی سویسراوە، كە گەورەترین پارتی سیاسیی وڵاتەكەیە، كراوە.
پارتەكە لە كەمپەینی ریفراندۆمەكەدا بانگەشەی ئەوە دەكات ،كۆچی كۆنتڕۆڵنەكراو وایكردووە سویسرا زۆر بەخێرایی گەشە بكات و دەرئەنجامە نەرێنییەكانی لە هەموو بوارەكانی ژیاندا دەبینرێن، دەشڵێت زۆرێك لە سویسرییەكان هەست دەكەن وەك نامۆ لە وڵاتی خۆیاندا دەژین.
سەركردەكانی بواری بازرگانیش هۆشداری دەدەن لەوەی ،پێشنیارەكە بۆ سنوورداركردنی ژمارەی دانیشتووان دەكرێت زیان بە ئابووریی وڵاتەكە بگەیەنێت و وا دەكات كۆمپانیاكان لە پڕكردنەوەی پۆستەكاندا تووشی كێشە ببن.
بەگوێرەی داتاكانی حوكمەتی سویسرا، ژمارەی دانیشتووانی سویسرا لە ماوەی 100 ساڵی رابردوودا سێ هێندە بووە و لە ساڵی 2024ـدا، ژمارەی دانیشتووان گەیشتۆتە نۆ ملیۆن كەس، كە لەسەدا 27ی ئەو ژمارەیە پاسپۆرتی سویسریان نییە.
ئەگەر زۆرینە بە بەڵێ دەنگ بدەن، ئەوا كاتێك ژمارەی دانیشتووان دەگاتە نۆ ملیۆن و 500 هەزار كەس، دەبێت حوكمەت چیدتر پەنابەری نوێ وەرنەگرێت، و كاتێك دەگاتە 10 ملیۆن، حوكمەت ناچار دەبێت رێككەوتنی جووڵەی ئازاد لەگەڵ یەكێتیی ئەورووپا كۆتایی پێ بهێنێت، كە ڕێگە بە هاووڵاتییانی یەكێتیی ئەورووپا دەدات ئازادانە لە سویسرا بژین، كار بكەن و بخوێنن.