پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە هەرێمی كوردستان بەردەوامە

کوردستان 10:31 AM - 2026/06/14

 پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم لە سایلۆكانی هەرێمی كوردستان بەردەوامە و ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی رابردوو،نۆرەگرتن بە شێوەی ئەلیكترۆنییە و جووتیاران پێش ئەوەی بچن بۆ سایلۆكان پێویستە بە شێوەی ئەلیكترۆنی نۆرەیان گرتبێت.

ئێوارەی 11 ی ئەم مانگە  پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە پارێزگای دهۆك بە ئامادەبوونی  وەزیری بازرگانی عیراق دەستیپێكردو رۆژی دواتریش لە پارێزگای هەولێر  سایلۆكان بەرووی جووتیاراندا كرانەوە ، هاوكات رۆژی شەممەش سایلۆكانی سلێمانی بەرووی جووتیارانی سنورەكەدا كرانەوە بۆ وەرگرتنی  گەنمەكانیان،لەوبارەیەوە نەسرین ئەحمەد، بەرێوەبەری سایلۆكانی سلێمانی راگەیاند: لە رۆژی شەممەوە  وەرگرتنی گەنم لە سایلۆی سلێمانی دەستیپێكردووە و رۆژانە لە  سەعات هەشت و 30 دەقیقە تا چواری  ئێوارە ئۆتۆمبێل وەردەگرن،

بە وتەی نەسرین ئەحمەد، تاقیگەیان هەیە و هەر گەنمێك خراپ بێت و لە تاقیكردنەوە دەرنەچێت، وەریناگرن.نازم محەممەد بەرێوەبەری سایلۆكانی دهۆكیش راگەیاند: رۆژی هەینی  هەزار و 205 تۆن گەنم لە سایلۆكەیان وەرگیراوە، وەرگرتنی ئۆتۆمبێل بە نۆرەیە و رۆژانە دەتوانن 65 ئۆتۆمبێل وەرگرن ئەگەر نۆرەیان گرتبێت.

راشیگەیاند، تا ئێستا ، پێنج ئۆتۆمبێل گەنم بەهۆی خراپییەوە رەتكراونەتەوە،لەبارەی دۆخی سایلۆكانی هەولێریش، میران بەختیار بەرێوەبەری سایلۆی هەولێر رایگەیاند،هاتنی جووتیاران لە چاوەڕوانی ئێمەدا نییە و  نۆرە لە بەرنامەكەدا زۆرە بەڵام هاتنی جووتیاران كەمە.

ئەم ساڵ حكومەتی عیراق بڕیاری داوە 400 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی كوردستان وەربگرێ، كە 292 هەزار تۆنی بە گەنمی ناو پلانی چاندن دادەنرێت و تۆنی بە 700 هەزار دینارە، زیاتر لە 108 هەزار تۆنیش بە دەرەوەی پلان دادەنێت و تۆنی بە 500 هەزار دینار وەردەگرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو