حكومەتی عیراق بڕیاری كۆتایی لەسەر خەرجكردنی شایستە داراییەكانی جووتیاران دا، كە پشكی جووتیارانی هەرێمی كوردستانیش لەخۆدەگرێت.
وەك بەشێك لە پلانی حكومەت بۆ پاڵپشتیكردنی جووتیاران و بەهێزكردنی ئاسایشی خۆراكی نیشتمانی لە كەرتی كشتوكاڵدا، نوسینگەی سەرۆكوەزیرانی عیراق لە ڕاگەیێندراوێكدا بڵاویكردەوە، كە فالح ساری، وەزیری دارایی، بڕیاریداوە پارەی گەنمی جووتیاران لە سەرجەم پارێزگاكانی عیراق خەرج بكرێت، ئاماژە بەوەش كراوە حكومەت پابەندە بە دابینكردنی هەموو سەرچاوە و شایستە داراییەكان بۆ جووتیاران تاوەكو بتوانن پەرە بە بەرهەمەكانیان بدەن.
بەپێی زانیارییەكان پڕۆسەی خەرجكردنی پارەی گەنم بۆ وەرزی كشتوكاڵی ساڵی 2025 دەستیپێكردووە و گوژمەیەكی نوێ بە بڕی 100 ملیار دینار تەرخانكراوە بۆ ئەوەی بەسەر جووتیاراندا دابەش بكرێت، كە چاوەڕوان دەكرێت جووتیارانی هەرێمی كوردستانیش هاوشێوەی پارێزگاكانی تری عیراق شایستە داراییەكانیان وەربگرن و كۆتایی بەو چاوەڕوانییە بێت، هەرچەندە هێشتا بڕی 183 ملیار و 205 ملیۆن دینار لە شایستە داراییەكانی ساڵی رابردووی جووتیاران خەرج نەكراوە.
ئەم بڕیارەی وەزارەتی دارایی دوای ئەوە دێت، كە لە رۆژی 3ی ئایاری ئەمساڵدا سەدان جووتیار لە پارێزگاكانی نەجەف، دیوانییە، سەماوە، كەربەلا و بابل بەهۆی ناڕەزایی لە نرخەكان و دواكەوتنی پارەكانیان روویان لە بەغداد كرد و داوایان كرد حكومەت بەدەم داواكارییەكانیانەوە بچێت و مافە داراییەكانیان دابین بكات.