كۆڕبەندی نێودەوڵەتی دێڵفی لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت

کوردستان 10:15 AM - 2026/06/06

بە بەشداری بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و سەرۆك كۆماری عیراق‌و ژمارەیەك سەركردەی باڵای عیراق‌و وڵاتانی ئەوروپا‌و ناوچەكە كۆڕبەندی نێودەڵەتی دێڵفی لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت. كۆڕبەندەكە تایبەتە بە تاوتوێكردنی بارودۆخی سیاسی و ئابووری جیهان و ناوچەكە.


بۆ دووەم جار كۆڕبەندی نێودەوڵەتیی دیڵفی لە شاری سلێمانی دەستیپێكرد‌و بڕیارە چالاكییەكانی بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بن. هەر لە كۆڕبەندەكەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پەیامی دەبێت.

سیمۆن سۆمۆكس، بەڕێوەبەری كۆڕبەندەكە ڕایگەیاند، ئەجێندای ئەمساڵ پڕە لە دیدار و پانێڵ كە تیایدا تیشك دەخرێتە سەر دۆخی ناوچەكە، بەرەوپێشچوونە ئابوورییەكانی هەرێمی كوردستان و ئەو ئاستەنگییانەی لە بەردەم گەشەپێداندا هەن. لە كۆڕبەندەكەدا ژمارەیەك كەسایەتیی سیاسیی باڵا بەشدارن، لەوانە نزار ئامێدی سەرۆك كۆماری عێراق، ئەحمەد داود ئۆغڵو سەرۆكوەزیرانی پێشووی توركیا، وەزیری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی یۆنان، لەگەڵ جێگرانی سەرۆك وەزیرانی وڵاتانی بولگاریا و ڕۆمانیا. 

لای خۆشیەوە سەفین غەفوور، ڕاوێژكاری قوباد تاڵەبانی دەڵێت، ئامادەبوونی ئەم وەفدە دیپلۆماسییانە لەم كاتەدا، نیشانەی بڕوای تەواوی جیهانە بە كاریگەریی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی ناوچەكە. یەكێك لە تەوەرە سەرەكییەكانی كۆڕبەندەكە پرسی وەبەرهێنانە. دەشڵێت، ئەو وەفدانەی هاتوونەتە سلێمانی ژمارەیەك وەبەرهێنەری گەورەیان تێدایە كە چاویان لەسەر بازاڕی كوردستانە. ئامانجەكە ئەوەیە شاری سلێمانی بكرێتە ناوەندێكی ئابووریی بەهێز لە ناوچەكەدا. 

هاوكات سیمۆن سۆمۆكس بەڕێوەبەری كۆڕبەندەكە ئاماژەی بەوەشكرد، بەهۆی سەركەوتنی كۆڕبەندی دیڵفی لە یۆنان كە 3500 بەشداربووی هەبوو، بڕیاریان داوە ئەم ئەزموونە لە سلێمانی و چەند شارێكی تری جیهان دووبارە بكەنەوە. كۆڕبەندی دیڵفی ساڵانە لە مانگی 4 لە شاری دیڵفی وڵاتی یۆنان بەڕێوەدەچێت.

ڕێكخەرانی كۆڕبەندەكە ئاشكرایان كرد، دوای بەشداریی قوباد تاڵەبانی لە كۆڕبەندی یۆنان و ڕێكخستنی چەندین دیدار لەگەڵ سەركردەكانی ئەورووپا و وەبەرهێنەران، بڕیاری گواستنەوەی بەشێك لە چالاكییەكان بۆ سلێمانی دراوە، تاوەكو ببێتە سەكۆیەك بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پرسە نێودەوڵەتی و ناوچەییەكان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو