*دوو پڕۆژەی ستراتیژی رێگاوبان لەسەر قەرزی بانكی نێودەوڵەتی لە سلێمانی و دهۆك جێبەجێ دەكرێن. هەردوو پڕۆژەكەش نزیكەی 80 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان كراوە.
بۆردی بانكی نێودەوڵەتی لە واشنتن قۆناغی یەكەمی پێدانی قەرزی بۆ عیراق پەسەند كرد، لەو چوارچێوەیەدا دوو پڕۆژەی ستراتیژی رێگاوبان لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و دهۆك لەسەر قەرزی بانكی نێودەوڵەتی جێبەجێ دەكرێن.
رۆژی 2026/6/4، بۆردی بانكی نێودەوڵەتی لە واشنتنی ئەمریكا بە ڕەسمی قۆناغی یەكەمی پڕۆژەكەی پەسند كرد، كە بریتییە لە پێدانی قەرز بەبڕی 900 ملیۆن دۆلار بە عیراق، لەو چوارچێوەیەدا پڕۆژەكانی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە بڕی نزیكەی 80 ملیۆن دۆلار لە قەرزەكەدا پەسەند كراوە.
پڕۆژەكان پێكهاتون لە یەكەم؛ پڕۆژەی (ئەپگرەید و فراوانكردنی رێگای سلێمانی-چەمچەماڵ-كەركوك، بەشی تاسڵوجە بۆ بانی مەقان) بەدرێژی (50) كیلۆمەتر لەپارێزگای سلێمانی. دووەم؛ (ئەپگرەید و فراوانكردنی رێگای گرشین-سحێلا) بەدرێژی (22) كیلۆمەتر لەگەڵ دروستكردنی یەكتربڕی گرشین لەپارێزگای دهۆك.
ئەم قەرزەی بانكی جیهانی بەشێكە لە پڕۆژەی "رێڕەوە ئابوورییەكانی گواستنەوە لە عیراق" كە ئامانجی سەرەكیی نویكردنەوەی كەرتی گواستنەوەی وشكانییە لە وڵاتدا.
بانكی جیهانی ئاماژە بەوە دەكات كە 90%ـی گواستنەوە لە عیراق بە وشكانییە، بەڵام رێگەوبانەكان بەهۆی كۆنی و كاریگەریی كەشوهەواوە زیانی زۆریان بەركەوتووە. ئەم پڕۆژە 900 ملیۆن دۆلارییە لە عیراق بەشێوەیەكی سەرەكی كار لەسەر دوو رێڕەو دەكات: رێڕەوی باكوور - باشوور: بەغدا لە رێگەی خێرایی (ئی دوو)ەوە بە سنووری توركیا دەبەستێتەوە.
رێڕەوی رۆژهەڵات – رۆژئاوا لەرێگەی خێرای (ئی یەك)ەوە بەغداد بە سووریا و ئوردن دەبەستێتەوە.
بەپێی پێشبینییەكانی بانكی جیهانی، ئەم پڕۆژە ستراتیژییە سوود بە نزیكەی هەشت ملیۆن هاووڵاتی دەگەیەنێت. ژان كریستۆف كارێ، بەڕێوەبەری بازنەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بانكی جیهانی دەڵێت، رێگەوبانەكان كلیلی دابینكردنی هەلی كار و بەستنەوەی هاووڵاتیانن بە بازاڕ و خزمەتگوزارییەكانەوە