ترەمپ: كوژرانی یەك سەرباز دەبێتە هۆی هەڵگیرسانەوەی جەنگ

عیراق 06:29 PM - 2026/06/04

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جورناڵ لە راپۆرتێكی نوێدا ئاشكرایكرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا بە نهێنی بە یاریدەدەرەكانی راگەیاندووە، ئەگەر هەر هێرشێكی ئێران ببێتە هۆی كوژرانی سەربازانی ئەمریكی، واشنتۆن پێداچوونەوە بە ئاگربەستی ئێستادا دەكات  و ئامادەیە دەست بە جەنگێكی سەرانسەری و فراوان بكات.

رۆژنامەكە لە زاری لێپرسراوانی ئەمریكییەوە دەڵێت، ترەمپ سەرەڕای پێكدادانە سنووردارەكان و هێرشە دوولایەنەكانی چەند هەفتەی رابردوو، تائێستا پابەندیی خۆی بە ئاگربەستەكەوە نیشان داوە، بەڵام دووبارەبوونەوەی هێرشەكان فشاری زۆری خستووەتە سەر ئیدارەی ئەمریكا و گومان لەسەر توانای مانەوەی ئەم هێمنییە دروست بووە.

بەپێی راپۆرتەكە، ترەمپ هێشتا بڕوای وایە دەكرێت لە رێگەی رێككەوتنێكی نوێوە كۆتایی بەو رووبەڕووبوونەوانە بهێنرێت. ئامانجی ترەمپ گەیشتنە بە رێككەوتنێك كە پرسی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، یۆرانیۆمی پیتێنراو و دووبارە كردنەوەی گەرووی هورمز بۆ هاتوچۆی بازرگانی چارەسەر بكات.

وۆڵ ستریت جورناڵ ئاماژەی بەوەش كردووە، هەڵوێستی ئێستای ترەمپ رەنگدانەوەی خواستێكی دوولایەنەیە، لە لایەك نایەوێت ئەمریكا پەلكێشی ناو شەڕێكی گشتگیر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكات و ئامادەیە بەرگەی ئاستێكی دیاریكراو لە گرژیی سەربازی بگرێت، بەڵام لەلایەكی ترەوە هێڵی سووری داناوە و رێگە نادات هیچ زیانێكی گیانی بەر هێزەكانی ئەمریكا بكەوێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو