سوپای پاسدارانی ئێران رەتیكردەوە ئەوان بۆردوومانەكەی فڕۆكەخانەی كوەیتیان ئەنجامدابێتو دەڵێت، بەهۆی هەڵەی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆتی ئەمریكاوە بووە. سێنتكۆمیش دەڵێت ئەو بانگەشانەی تاران راست نین و هێرشەكان پەیوەندییان بە سیستەمە ئەمریكییەكەوە نییە.
ئاژانسی هەواڵی فارس نیوز لە زاری محەممەد حوسێن موحیبی وتەبێژی سوپای پاسدارانەوە رایگەیاند، بەئامانجگرتنو وێرانكارییەكانی تێرمیناڵی سەرنشینانی فڕۆكەخانەی كوەیت بەهۆی هەڵەی سیستمی پاتریۆتی ئەمریكاوە بووە و دوای ئەوەی مووشەكەكانی سیستمە بەرگرییەكە شكستیان هێناوە لە ڕێگریكردن لە مووشەكە ئێرانییەكان، بەر ئەو فڕۆكەخانەیە كەوتوون. موحیبی تەئكیدی لەوەكردووەتەوە، فڕۆكەخانەكەی كوەیت ئامانجی هێزی ئاسمانیی وڵاتەكەی نەبووە و ئەوان بەئامانجیان نەگرتووە.
لەبەرامبەردا فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریكا (سێنتكۆم) لە پۆستێكدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێكس وەڵامی سوپای پاسدارانی دایەوە و رایگەیاند، ئەو بانگەشانەی ئێران كە باس لەوەدەكات هێرشی نەكردووەتە سەر تێرمیناڵی سەرنشینەكان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی كوەیت تەواو ناراستە. دەشڵێت، ئێران هێرشێكی بە ئەنقەست و پلان بۆ داڕێژراوی بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بۆ سەر فڕۆكەخانەی مەدەنی كوەیت ئەنجامداوە.
ئەم لێدوانانە دوای ئەوە دێت، رۆژی چوارشەممە كوەیت، ئێرانی تۆمەتبار كرد بەوەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی كوەیت و ناوچەی مەدەنی كردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە كەسێك گیانی لە دەستداوە و 63 كەسی تریش برینداربوون.