دۆناڵد ترەمپ: ئێران نزیكە لە ئیمزاكردنی رێككەوتن

عیراق 09:49 AM - 2026/06/04


دۆناڵد ترەمپ رایدەگەیەنێت، دانوستانەكانی واشنتۆن لەگەڵ تاران بە ئاڕاستەیەكی زۆر باشدا بەڕێوەدەچن، پێشبینیش دەكات لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا دانوستانەكان دەستپێبكەنەوە، تەئكیدیش دەكاتەوە، تاران نزیكە لە ئیمزاكردنی رێككەوتن.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد، ئەمریكا نزیكە لە ئیمزاكردنی رێككەوتنێك لەگەڵ ئێران. وتیشی، ئەمریكا بە هیچ شێوەیەك رێگە نادات تاران ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی، ئێرانیش رازی بووە كە دەستبەرداری پەرەپێدانی چەكی ئەتۆمی ببێت. 
سەرۆكی ئەمریكا ئاماژەی بەوەكرد، ئەگەر دەستوەردانی راستەوخۆی ئەمریكا  نەبووایە، ئێستا ئێران خاوەنی چەكی ئەتۆمی بوو. بۆیە یەكێك لە مەرجە سەرەكییەكانی ئەمریكا، دەستبەسەرداگرتنی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێرانە. دەشڵێت، واشنتۆن لە داهاتوویەكی زۆر نزیكدا تەواوی ئەو یۆرانیۆمە بەدەستدەهێنێت كە لە ناوخۆی ئێراندا پیتێندراوە.
لەبارەی دۆسیەی ئاسایشی دەریایی، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، دەستبەجێ دوای ئیمزاكردنی رێككەوتنەكە، گەرووی هورمز بە رووی كەشتیوانی نێودەوڵەتیدا دەكرێتەوە. هەروەها روونی كردەوە، ئیدارەكەی هەوڵ دەدات پرسی كردنەوەی ئەم گەرووە ستراتیژییە لە ئاڵۆزی و شەڕەكانی لوبنان جیا بكاتەوە. 
ئەم لێدوانانەی سەرۆكی ئەمریكا لە كاتێكدایە كە راپۆرتە دیپلۆماسییەكان باس لە نزیكبوونەوەی وادەی راگەیاندنی رێككەوتنێكی گشتگیر دەكەن لە نێوان ئەمریكا و ئێراندا. چاوەڕوان دەكرێت رێككەوتنەكە درێژكردنەوەی ئاگربەست، هێوركردنەوەی ناوچەكە و دەستپێكردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەكان لەخۆ بگرێت.
لەلایەكی ترەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا  لە چاوپێكەوتنێكیدا لە لەگەڵ پۆدكاستی "پۆد فۆرس وەن" رۆژنامەی نیویۆرك پۆست رایگەیاند، حەز دەكات لەگەڵ موجتەبا خامنەیی، رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران كۆببێتەوە و پێشبینیش دەكات لە داهاتوودا ئەو دیدارە ئەنجام بدرێت. دۆناڵد ترەمپ لەبارەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ تاران ئاماژەی بەوە كرد، ئێستا رابەری باڵای ئێران بەشدارە لە دانوستانەكان و وتی،  تاران پێشتر رەزامەندیی نیشانداوە كە پەرە بە چەكی ئەتۆمی نەدات. ئەوان لەسەر ئەوە رێككەوتوون، هەرچەندە دەتوانن رای خۆیان بگۆڕن، بەڵام ئەوە خاڵە هەرە گرنگەكە بوو. لە بەشێكی تری قسەكانیدا، ترەمپ باسی لە گرژییەكانی نێوان خۆی و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل كرد، بەتایبەت لەبارەی ئەو راپۆرتانەی دەڵێن، ترەمپ بە ناتانیاهۆی وتووە "تۆ شێتی"، ترەمپ وتی، "بەڵێ، وام وتووە. من هەمیشە تووڕە دەبم. كەمێك لێی دڵگران بووم بەهۆی ئەوەی بەردەوام لەگەڵ لوبنان لە شەڕدایە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو