بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی دەزگای پەرەپێدانی ناوچەی راپەڕین راگەیەندرا

کوردستان 10:26 PM - 2026/05/31

بە سەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە رێوڕەسمێكدا لە ئیدارەی راپەڕین، دەزگای پەرەپێدانی ناوچەیی راپەڕین بە رەسمی راگەیەنرا و بڕیارە دەزگاكە ژمارەیەك پرۆژەی گرنگ لەسنوورەكە بۆ رەخساندنی هەلیكار بۆ گەنجانی سنوورەكە جێبەجێ بكات.

لە رێوڕەسمەكەدا قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: دوای توێژینەوە و راوێژێكی زۆر لەگەڵ پسپۆڕانی ناوخۆ و ناوەندە ئەكادیمییەكان و هاوبەشە نێودەوڵەتییەكان بە تایبەتیش حكومەتی بەریتانیا، پڕۆژەی دروستكردنی دەزگای پەرەپێدانی ناوچەیی راپەڕینمان دروست كرد. وتیشی ئەم دەزگایە وەك چەترێك وایە كە كەرتی تایبەت و كەرتی گشتی و زانكۆ و ناوەندە ئەكادیمییەكان، كۆمەڵگای مەدەنی و هەموو چین و توێژەكانی ئیدارەكە   بە شێوەیەكی چالاكانە بەشدار دەكات لە پرۆسەی گەشەپێدانی ئیدارەی راپەڕین.

قوباد تاڵەبانی روونیشیكردەوە، دەزگاكە جگە لەوەی كە ناوەندێكی توێژینەوەیە، شێوازێكی نوێشە بۆ ئیدارەدانی ناوچەكە و هەموو گرفتەكانی بەردەم گەشەپێدان و وەبەرهێنان لەبوارە جیاوازەكاندا چارەسەر دەكات و هاوكار دەبێت لەجێبەجێكردنی بیرۆكە نوێیەكان و ناوچەكە دەكاتە سەنتەرێك بۆ راكێشانی وەبەرهێنانی ناوخۆیی و بیانی. هاوكات قوباد تاڵەبانی سوپاسی هاوبەشە نێودەوڵەتییەكان و بە تایبەتیش حكومەتی بەریتانیای كرد كە پشتیوان و بەشدارن لەپرۆسەی پەرەپێدانی ناوچەیی راپەڕین و وتیشی لەداهاتوویەكی نزیكدا ئەم مۆدێلە لەپەرەپێدان لەناوچەو  ئیدارەكانی تری كوردستانیش جێبەجێ دەكرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو