نزار ئامێدی، سەرۆك كۆماری عیراق لەپەیامێكیدا، بەبۆنەی پەنجا و یەكەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و سەركردایەتی و ئەندام و لایەنگرانی یەكێتی دەكات. سەرۆك كۆمار دەڵێت، بە پێزانین و رێزەوە كاروانی پڕ لە خەباتی حزبەكە لە سەرەتای دامەزراندنییەوە بە رابەرایەتی سەركردەی نەتەوەیی گەورەی كۆچكردوو، سەرۆك جەلال تاڵەبانی بەبیر دەهێنینەوە.
دەشڵێت، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ماوەی زیاتر لە پێنج دەیەدا، هێزێكی سیاسی نیشتمانیی پێشەنگ بووە و بە شێوەیەكی كارا بەشدار بووە لە بەرگریكردن لە مافەكانی گەل و چەسپاندنی بەهاكانی ئازادی و دیموكراسی و دادپەروەری.
سەرۆك كۆماری عیراق تەئكید لەوەدەكاتەوە، ناوی یەكێتی گرێدراوە بە قۆناغە هەستیارەكانی مێژووی هاوچەرخی عیراق و رۆڵێكی بەرچاویشی هەبووە لە بەرەنگاربوونەوەی دیكتاتۆری و ستەمكاری و خەبات لەپێناو بونیادنانی دەوڵەتی دامەزراوەیی و یاسا.
سەرۆك كۆمار دەڵێت، لەم یادەدا رۆڵی مێژوویی سەرۆكی كۆچكردوو مام جەلال تاڵەبانی بەرز دەنرخێنین، كە ژیانی خۆی بۆ خزمەتكردنی دۆزی گەل و نیشتمانەكەی تەرخان كرد و بە حیكمەت و دیدگای سیاسی خۆی بەشدار بوو لە چەسپاندنی بناغەكانی عێراقێكی دیموكراسی فیدڕاڵی فرەیی، و برەودان بە كلتووری دیالۆگ و تەبایی نیشتمانی لەنێوان پێكهاتە جیاوازەكانی عیراقدا.
دەشڵێت، لە كاتێكدا لەگەڵ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و عیراقدا بەشداری ئەم یادە ئازیزە دەكەین، متمانەی خۆمان بە بەردەوامی رۆڵی نیشتمانیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەردەبڕین لە پشتگیریكردنی رێڕەوی دیموكراسی و بەهێزكردنی شەراكەتی نیشتمانی، بەو جۆرەی كە خزمەت بە خواستەكانی هەموو عیراقییەكان بكات بەرەو ئایندەیەكی ئارامتر و سەقامگیرتر و گەشاوەتر.
لە كۆتایی پەیامەكەی سەرۆك كۆماردا هاتووە، رێز و نەوازش بۆ شەهیدانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بنەماڵە سەربەرزەكانیان، ئەوانەی گیانی خۆیان بەخت كرد لەپێناو ئەو بنەما نیشتمانی و مرۆییانەی بڕوایان پێی هەبو ، بە قوربانییە مەزنەكانیان بەشدارییان كرد لە كاروانی خەبات بۆ بەدیهێنانی ئازادی، دیموكراسی و مافەكانی گەلەكەیان.