زاناكان: ژمارەی سەعاتەكانی خەوتن هۆكارن بۆ زوو دەركەوتنی پیری هەمیشە زۆر باسی زانستی و توێژینەوە هەبووە سەبارەت بە ژمارەی سەعاتەكانی خەوتن كە مرۆڤ پێویستی پێیەتی بۆ دڵنیابوون لە ژیانێكی تەندروست و بێ نەخۆشی،
لە نوێترین توێژینەوەیانەدا زاناكان بۆیان دەركەوتووە كە خەوتن لە شەودا كەمتر لە 4 بۆ 6 سەعات یان زیاتر لە 7 بۆ 8 سەعات دەبێتە هۆی خێراكردنی گۆڕانكارییەكانی پەیوەست بە تەمەن و ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەكان زیاد دەكات.
لەو بارەیەوە جونهاو وێن، مامۆستای یاریدەدەر لە زانكۆی كۆڵۆمبیا، ئاماژە بەوە دەكات توێژەران داتای نزیكەی نیو ملیۆن كەسیان شیكردووەتەوە، كە شێوازی خەوتنیان بەراورد كردووە لەگەڵ پەیوەندییەكانیان بە تەندروستی ئەندام و سیستەمی جۆراوجۆر، بەپێی توێژینەوەكە خەوتنی تەندروست لە شەوێكدا زۆرترین سوودی هەبووە،
ئەم كەسانە نیشانەكانی پیربوونی بایۆلۆجی خاوتریان نیشانداوە و چێژ لە تەندروستییەكی گشتی باشتر وەردەگرن، هەروەها بۆیان دەركەوتووە كە ئەو كەسانەی بە شێوەیەكی بەرچاو كەمتر یان زیاتر دەخەون، زیاتر تووشی نیشانەكانی خێرابوونی پیربوون دەبن.
كەمخەوی و خراپی خەو بە شێوەیەكی باو پەیوەندی بە چەندین كێشەی تەندروستیەوە هەیە، زانایان ئاماژە بەوە دەكەن كە كەمخەوی پەیوەندی بە زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە خەمۆكی و تێكچوونی دڵەڕاوكێ و شەكرەی جۆری دوو و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و نەخۆشییەكانی دڵ و خوێنبەرەكان هەیە، هەروەها زۆرجار تێكچوونی خەو پەیوەندی بە نەخۆشییەكانی سییەكان و گەدە و ریخۆڵەوە هەیە.
ئاشكرایە خەوتن رۆڵێكی سەرەكی دەگێڕێت لە پاراستنی كارەكانی جەستەدا، لەكاتی خەوتندا میتابۆلیزم و سیستەمی بەرگری لەش و چەندین پرۆسەی ناوەكی كە كاریگەرییان لەسەر تەندروستی و تەمەن درێژی هەیە دەگەڕێتەوە.
بەڵام توێژەران تەئكید لەوە دەكەنەوە لەوانەیە كەم خەوی هۆكاری راستەوخۆی نەخۆشی نەبێت، بەڵكو رەنگە زۆرجار ئاماژەیەكی پێشوەختە بێت بۆ كێشە تەندروستییە شاراوەكان، بە دڵنییاییەوە زۆرجاریش كەم خەوییی و درەنگ خەوتن بووە بە رۆتین و لەم رۆژگارەی ئەمڕۆدا بەداخەوە سۆشیال میدیا بۆ بەشێك لە خەڵكی و بەتایبەت هەرزرەكاران رۆڵێكی سەرەكی هەیە لە كات كوشتن كە هۆكارە بۆ درەنگ خەوتن یان شەو نەخەوتن.