لە عیراق 837 كەس بەهۆی خۆڵبارینەوە گەیەندرانە نەخۆشخانەكان

عیراق 03:18 PM - 2026/05/19

وەزارەتی تەندروستی عیراق رایگەیاند، بەهۆی شەپۆلی خۆڵبارینەوە، لە چەند پارێزگایەك، زیاتر لە 800 حاڵەتی تەنگەنەفەسی گەیەندراونەتە نەخۆشخانەكان. 

جارێكی تر تۆز و خۆڵ  ئاسمانی عیراقی گرتەوە، ئەم دیاردە سروشتییە توندە، تەنها زیانی ژینگەیی نەبوو، بەڵكو دەستبەجێ كاریگەری كردە سەر تەندروستی هاووڵاتییان و هەناسەی سەدان كەسی توند كرد.

وەزارەتی تەندروستیی عیراق، رایگەیاند، بەهۆی ئەو شەپۆلە خۆڵبارینەی دوێنێ دووشەممە وڵاتی گرتەوە، 837 حاڵەتی تەنگەنەفەسی لە چەند پارێزگایەك تۆماركراون، ئاماژەی بەوەشكرد، فەرمانگەكانی لە بەغداد و پارێزگاكان، بۆ دووەم رۆژ لەسەریەك، بەردەوامن لە رێكارە تەندروستی و خزمەتگوزارییەكانیان بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ شەپۆلەكەدا.

 بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتەكە، عەبدولحوسێن موسەوی، وەزیری تەندروستی، بەدواداچوونی بۆ رێكارەكانی فەرمانگە تەندروستییەكان كردووە و رێنمایی داوە بە بەردەوامبوونی ئامادەباشی تەواوی دامەزراوە تەندروستییەكان بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە پزیشكییەكان بە هاووڵاتییان.
 تەئكیدشی لە گرنگی ئامادەكردنی هۆڵەكانی فریاكەوتن، ئەمبوڵانسەكان، دابینكردنی ئۆكسجین، دەرمان و پێداویستییە پزیشكییەكان كردووەتەوە، لەگەڵ بەرزكردنەوەی ئامادەباشی ستافە پزیشكی و پەرستارییەكان لە هەموو نەخۆشخانە و سەنتەرە تەندروستییەكاندا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو