رێكخراوی تەندروستیی جیهانی دوایین هەڵسەنگاندنی خۆی بۆ مەترسییەكانی ڤایرۆسی هانتا و دۆخی ئەو كەشتییەی كە ڤایرۆسەكەی تێدا بڵاوبووەتەوە، راگەیاند و وتی مەترسی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكە لە ئاستێكی نزمدایە.
رێكخراوی تەندروستیی جیهانی ئاشكرایكردووە، هەڵسەنگاندنەكان بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی هانتا تا ئێستا لە ئاستێكی مەترسی نزمدایە. ئەم ڕاگەیەندراوە لە كاتێكدایە كە ئەو كەشتییەی ڤایرۆسەكەی لێ بڵاوبووەوە، لە كەناراوەكانی وڵاتی هۆڵەندا نزیك بووەتەوە، بەڵام رێكخراوەكە تەئكید دەكاتەوە كە بە پشتبەستن بە دوایین زانیارییەكان، هێشتا ئاستی مەترسییەكە بە نزمی ماوەتەوە.
چاوەڕێ دەكرێت بەم نزیكانە كەشتی ئێم ڤی هۆندیۆس بگاتە بەندەری رۆتەردام لە هۆڵەندا. ئێستا كەشتییەكە 27 كەسی هەڵگرتووە كە 25یان تیمی كەشتیوانی كەشتییەكەن و 2 كەسیشیان ئەندامی تیمی تەندروستین. بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە لەناو ئەم كەشتییەدا بووەتە سەردێڕی هەواڵەكان و ناوەندە تەندروستییەكان بە وردی چاودێری چارەنووسی سەرنشینەكانی دەكەن.
دوای ئەوەی ڤایرۆسی هانتا لەسەر ئەم كەشتییە بڵاوبووەوە، 3 لە سەرنشینەكانی بەهۆی ڤایرۆسەكەوە گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەكی تریش وەك تووشبوو دەستنیشان كران. ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی پێشبینی دەكات گواستنەوەی ڤایرۆسەكە دوای دابەزینی سەرنشینەكان و پەیڕەوكردنی ڕێكارە تەندروستییە تووندەكان بە شێوەیەكی بەرچاو كەم ببێتەوە و دۆخەكە كۆنترۆڵ بكرێت.