پێشنیار كراوە تەمەنی خانەنشینی فەرمانبەران لە عیراق بكرێتەوە 63 ساڵ

عیراق 03:14 PM - 2026/05/18

لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق پێشنیاری كردووە، تەمەنی خانەنشینی فەرمانبەران بگەڕێتەوە 63 ساڵ. 

محەمەد جاسم خەفاجی ئەندامی لیژنەی یاسایی بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاند، هەوڵدەدرێت پێداچوونەوە بە یاسای خانەنشنی یەكگرتوو بكرێت و پێشنیار كراوە تەمەنی خانەنشینی بگەڕێندرێتەوە 63 ساڵ، بۆ ئەوەی بۆ ماوەیەكی زیاتر سود لە توانا و پسپۆڕیی ئەو كەسانە لە دامەزراوەكاندا ببینرێت.

هەروەها سائر كەعبی ئەندامێكی تری  لیژنەكە بە رۆژنامەكەی راگەیاندووە، ئەو پێشنیارە و هەمواركردنەوەی یاسای خانەنشینی هێشتا لە گفتوگۆدایە و دوو لایەنی سەرەكی لەخۆدەگرێت، یەكێكیان ئەوەیە ئەو فەرمانبەرانەی درەنگ دامەزراون سود لەو سێ ساڵە وەردەگرن بۆ ئەزموون و بەدەستهێنانی شایستەی دارایی زیاتر لە كاتی خانەنشین بوونیاندا، بەڵام لایەنی دووەم ئەوەیە دەرفەتی دامەزراندنی گەنجان كەمدەبێتەوە، بۆیە پێویستە هاوسەنگی هەبێت لە پاراستنی مافی فەرمانبەرانی ئێستا و دەرچووانی نوێدا بۆ دامەزراندن.

بەپێی دواین هەمواركردنی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عیراق  ژمارە نۆی ساڵی 2014 كە لە كۆتایی ساڵی 2019دا هەمواركرایەوە، تەمەنی خانەنشینی ناچاری بە 60 ساڵ دیاریكرا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو