ئەندامێكی لیژنەی دارایی عیراق رایدەگەیەنێت ،حكومەتی نوێ كار بۆ ئامادەكردنی بودجەی ساڵی 2027 دەكات و دابینكردنی مووچەی مووچەخۆرانیش لەسەر بنەمای یەك لەسەر 12 بەردەوام دەبێت.
دیلان غەفور، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، حكومەت ۆ ئەمساڵ یاسای بودجەی نابێت. ئاماژەی بەوەش كرد كە حكومەتی نوێ لە 16ـی ئایار دەستبەكار بووە و وەزارەتەكان ناتوانن لەماوەیەكی كەمدا ئامادەكارییەكان بۆ پڕۆژە یاسای بودجەی 2026 تەواو بكەن و رەوانەی پەرلەمانی بكەن، بۆیە ئێستا كار بۆ ئامادەكردنی پڕۆژە بودجەی ساڵی 2027 دەكرێت.
سەبارەت بەشایستە داراییەكان، ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی دووپاتیكردەوە كە دابینكردنی مووچەی مووچەخۆران بۆ عیراق و هەرێمی كوردستان گرفتی نابێت. روونیكردەوە كە بە پێی یاسای كارگێڕی دارایی، لە كاتی نەبوونی یاسای بودجەدا، مووچە لەسەر بنەمای یەك لەسەر 12 خەرج دەكرێت و پرۆسەكە بەردەوام دەبێت.
بەپێی رێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و عیراق، لەبەرامبەر ناردنی مووچەدا، هەرێمی كوردستان مانگانە پێویستە 120 ملیار دینار بە كاش بخاتە سەر هەژماری دارایی عیراق. لە بەرامبەریشدا حكومەتی فیدراڵ مانگانە تەمویلی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان رەوانە دەكات.