لە ئەمڕۆوە هاوردەكردنی تەماتە و شوتی قەدەغە دەكرێت

کوردستان 09:33 AM - 2026/05/13

بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ و رێگری لە زیانی زیاتری جووتیاران، بڕیار لە قەدەغەكردنی چەند بەرهەمێكی هاوردە درا، لە نێویاندا تەماتەو شوتی.

سەروەر عەلی، سەرۆكی سەندیكای عەلوەی سلێمانی راگەیاند، بەهۆی ئەوەی ئێستا بەرهەمی خۆماڵی جووتیاران پێگەیشتووە و دەتوانێت جێگەی بەرهەمی دەرەوە بگرێتەوە، لە ئەمڕۆوە هاوردەكردنی تەماتە و شووتی بۆ ناوخۆی هەرێمی كوردستان بە تەواوەتی قەدەغە دەكرێت. ئەم هەنگاوە بە ئامانجی پاڵپشتیكردنی كەرتی كشتوكاڵ و ساغكردنەوەی ماندووبوونی جووتیاران نراوە.

 ئێستا بڕێكی زۆر لە بەرهەمی پاقلە، خەیار و تەماتەی ناوخۆیی ڕەوانەی عەلوەكان دەكرێت، بەڵام بەهۆی كەمیی خواستەوە نرخەكانیان دابەزینێكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. بە تایبەت نرخی تەماتە كە پێشتر بەهۆی كەمییەوە بەرزبووەوە، ئێستا لە عەلوەدا تەنیا بە 250 دینار مامەڵەی پێوەدەكرێت، ئەمەش وایكردووە تێچووی بەرهەمهێنان بۆ جووتیار نەگەڕێتەوە.

جووتیارانی دەشتی شارەزووریش گلەیی لەوە دەكەن ،بەرهەمی هاوردە لە بازاڕدا نرخێكی باشی هەیە، بەڵام بەرهەمە خۆماڵییەكانی ئەوان بە نرخێكی زۆر كەم دەفرۆشرێت.  باس لەوە شدەكەن  زۆربەی جار ئەو پارەیەی لە فرۆشتنی پاقلە و سەوزەواتەكانی تر دەستیان دەكەوێت، تەنانەت كرێی هاتووچۆ، پارەی كرێكار و ماندووبوونیان دەرناهێنێتەوە، ئەمەش مەترسیی لەسەر بەردەوامیی كارەكانیان دروست كردووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو