ئەندرێی بیلۆسۆڤ سەرۆكی وەفدی روسیا لە كۆنفرانسی پێداچونەوە بە پەیماننامەی قەدەغەكردنی چەكی ئەتۆمی، رایگەیاند، چارەسەری قەیرانی ئۆكرانیا تەنیا بەو مەرجە دەكرێت كە ناتۆ دەستبەرداری رێبازەكەی بێت كە ئامانجی زیانگەیاندنە بە روسیا لەچوارچێوەی بەئەندامكردنی ئۆكرانیا لە ناتۆ.
ئەندرێی بیلۆسۆڤ وتی: دوبارە بەسەربازیكردنەوەیەكی چڕوپڕی ئەوروپا لە ئارادایە، لەوانەش دابینكردنی چەكی كوشندە بۆ ئۆكرانیا.
سەبارەت بە چارەسەركردنی ململانێكان لەگەڵ ئۆكرانیا ئاماژەی بەوەشكردوە، بە شێوەیەكی باوەڕپێكراو، دەبێت ئەندامانی ناتۆ واز لە بەدواداچوون بۆ شكستی ستراتیژی روسیا و زیانگەیاندن بە بەرژەوەندییە سەرەكییەكانمان بهێنن. پێشتر ڤلادمیر پوتین سەرۆكی روسیا رایگەیاندبوو، روسیا بەنیازی هێرشكردنە سەر وڵاتانی ناتۆ نییە،
وتیشی سیاسەتمەدارانی وڵاتانی رۆژئاوا بەو درۆیەی گوایە روسیا دەیەوێت هێرشیان بكاتە سەر، گەلەكەیان دەترسێنن بە مەبەستی دوورخستنەوەی سەرنج لەسەر كێشە ناوخۆییەكان.