عیراق 100 ملیار دیناری پارەی گەنمی جووتیارانی خەرجكرد

عیراق 07:48 PM - 2026/05/01


كۆمپانیای گشتی بۆ بەبازاڕكردنی دانەوێڵەی عیراق ڕایگەیاند، دەستكراوە بە خەرجكردنی 100 ملیار دینار لە پارەی گەنمی جوتیاران بۆ وەرزی كشتوكاڵی 2025.
حەیدەر نووری گەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای گشتی بۆ بەبازاڕكردنی دانەوێڵەی عیراق ڕایگەیاند، بە فەرمانی وەزیری بازرگانی دەستكراوە بە خەرجكردنی گوژمەیەكی نوێ لە پارەی گەنمی جوتیاران لە وەرزی كشتوكاڵی ساڵی 2025. بڕی پارەكەش 100 ملیار دینارە و گەرعاوی دەڵێت، ئەم بڕە پارەیە لە چوارچێوەی پاڵپشتی جوتیاران و دانەوەی پارەی گەنمەكانیانە.
ڕاشیگەیاند، لە هەفتەی داهاتووەوە ئەو بڕە پارەیە دابەشدەكرێت بەسەر سەرجەم پارێزگاكاندا بۆ ئەوەی بەزووترین كات دابەشبكرێت.
كۆمپانیای گشتی بۆ بەبازاڕكردنی دانەوێڵەی عیراق دەڵێت، هەماهەنگییان لەگەڵ وەزارەتی دارایی و لایەنە پەیوەندیدارەكان بەردەوامە بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامی خەرجكردنی پارەكە، بەجۆرێك بەشداربێت لە پتەوكردنی سەقامگیری ئابووری جوتیاران و هاندانیان بۆ زیادكردنی بەرهەمی كشتوكاڵی و كاركردن بۆ دابینكردنی ئاسایشی خۆراك لە وڵاتدا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو