موجتەبا خامنەیی رابەری باڵای ئێران داوا لە گەلەكەی دەكات لە رێگەی پشتبەستن بە بەرهەمی ناوخۆیی و رووبەڕووبوونەوەی فشارە داراییەكان، وەڵامی گەمارۆ ئابوورییەكانی ئەمریكا بدەنەوە و دوژمنانی وڵاتەكەیان بێهیوا بكەن.
موجتەبا خامنەیی لە پەیامێكی نووسراودا ئاماژەی بەوەكردوە، وڵاتەكەی لە رووبەڕووبوونەوەی سەربازیدا بەشێك لە توانا بەرچاوەكانی خۆی بە جیهان نیشانداوە و ئێستا كاتی ئەوەیە لە گۆڕەپانی جیهادی ئابووری و كولتووریشدا پلانەكانی دوژمن پووچەڵ بكرێنەوە و تێكبشكێندرێن.
لە پەیامەكەیدا، خامنەیی داوای لە ئێرانییەكان كرد پشتیوانی لە كرێكارانی بەرهەمدار بكەن و تەنیا پشت بە بەرهەمە ناوخۆییەكان ببەستن. هەروەها داوای لە خاوەنكارەكان كرد لەم دۆخەدا تا دەتوانن خۆیان لە دەركردنی كرێكاران بەدوور بگرن بۆ ئەوەی رێگری لە زیادبوونی بێكاری بكەن.
ئەم بانگەوازە لە كاتێكدایە، ئێران دوای مانگێك لە بۆردوومانی چڕی ئەمریكا و ئیسرائیل، ئێستا ڕووبەڕووی جەنگێكی ئابووری و گەمارۆی توندی سەر بەندەرەكان بووەتەوە.
ئەمەش هەناردەی نەوتی وەك سەرچاوەی سەرەكیی داهات پەكخستووە. بەپێی داتاكانی ناوەندی ئاماری ئێران، لە مانگی ڕابردوودا ڕێژەی هەڵاوسان گەیشتۆتە لەسەدا 73و بەهای تمەنیش بەرامبەر دۆلار نزمترین ئاستی مێژوویی دابەزیووە.