سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی ئاگادارییەکی بەپەلە ئاراستەی شۆفێران و هاووڵاتییان دەکات و رایدەگەیەنێت، بەهۆی ئەنجامدانی کاری قیرتاوکردنەوە، بەشێکی شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود بە تەواوەتی بەربەست دەکرێت.
شارەوانی سلێمانی بڵاویکردەوە، لە سەعات 8:30ـی ئەمشەوەوە، شەقامی مەلیک مەحمود لە مەودای نێوان "گۆیژە سیتی تا یوتێرنی نزیک مەکتەبی سیاسیی یەکێتی" بە هەردوو ئاراستەی هاتن و چوون دادەخرێت، ئەمەش بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ کاری قیرتاوکردن کە بڕیارە سبەینێ شەممە لە لایەن تیمەکانی شارەوانییەوە دەستپێبکات.
شارەوانی سلێمانی داوا لە شۆفێران دەکات بۆ دوورکەوتنەوە لە جەنجاڵی، رێگاکانی دەوروبەر وەک جێگرەوە بەکاربهێنن تا ئەو کاتەی تیمەکانیان کارەکانیان تەواو دەکەن و شەقامەکە بەرووی هاتوچۆدا دەکرێتەوە.