ژمارەی قوربانیانی رووداوە هاتووچۆكەی كەركوك بۆ 12 گیان لەدەستدان و زیاتر لە 33 بریندار بەرزبووەوە، ماتەمینی گشتی لەشارەكە راگەیەندرا.
ئێوارەی یەكشەممە، بارهەڵگرێك كە باری چیمەنتۆی پێبووە، لە وێستگەی كێشی چیمەن لە تەنیشت بازگەی چیمەن ئیستۆپی نەماوە.
بارهەڵگرەكە لە ناوچەی دەروازە لەسەر ڕێگەی كەركووك-سلێمانییەوە بە خێرایی چووەتە ناو شارەكە و بەو هۆیەوە 36 ئۆتۆمبێلی شێلاوە، لەئەنجامی رووداوەكە 12 هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا و زیاتر 33 كەسی تریش بریندارن.
بە وتەی ئارجان محەمەد بە رێوەبەری گشتی تەندروستی كەركوك ، پزیشكی داد تەرمی شەش كەسی وەرگرتووە و نەخۆشخانەی ئازادیش پێشوازی لە 27 بریندار كردووە،بە وتەی ئارجان محەمەد ، ستافی پزیشكی بە تەواوی كۆكراونەتەوە و هەستاون بە ئەنجامدانی نەشتەرگەری بەپەلە لەسەر ژمارەیەك لەو بریندارانەی كە بەدەست شكان و برینێكی سەختەوە دەناڵێنن.
هاوكات وەزارەتی ناوخۆی عیراق دەڵێت، بەهۆی قورسیی پێكدادانەكەوە 30 ئۆتۆمبێل زیانی مادیی زۆریان بەركەوتووە و تێكشكاون.
دوابەدوای رووداوەكە هەریەك لە ئاسۆ مامەند، رێبوار تەها، رەوەند مەلا مەحمود، هەڵكەوت عەبدوڵا، هیوا عەبدوڵا و سیروان كوێخا نەجم، ئاڤێستا شێخ محەمەد قائیمقامی ناوەندی كەركوك و ژمارەیەك لەئەندامانی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەئەنجومەنی پارێزگای كەركوك و ژمارەیەك لەئەندامانی پەرلەمانی عیراق، لە نەخۆشخانەی ئازادی شاری كەركوك بریندارانی رووداوەكەیان یان بەسەركردەوە و خوێنیان بەخشی.
بەهۆی دڵتەزێنیی رووداوەكە و گیانلەدەستدانی ئەو ژمارە هاووڵاتییە، بۆ ئەمڕۆ دووشەممە لە پارێزگای كەركوك ماتەمینی گشتی راگەیەندراو ،هاتنی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بۆ ناو شارەكە لە سەعات حەوتی بەیانییەوە تا سەعات 12 ی شەو قەدەغەكرا،ئەمەش دوای ئەوەی رووداوەكە كاردانەوەی زۆری لە ناوخۆی شارەكە و هەرێمی كوردستان لێكەوتەوە.