داهاتی نانەوتیی یەك هەفتەی سنووری پارێزگاكانی سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین نزیكەی 10 ملیار دینار بووە.
ئەمڕۆ، ماڵپەڕی شەفافییەت بۆ چاودێری و رێكخستنی داهاتە نانەوتییەكانی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان بڵاویكردەوە، داهاتی یەك هەفتە، بەدیاریكراوی لە رۆژی 18ی نیسانی ئەمساڵ تاوەكو 24ی نیسان ئەمساڵ، بڕی 9 ملیار و 958 ملیۆن و 290 هەزار و 188 دیناری عیراقی بووە.
ماڵپەڕەكە ئاماژەی بەوەكردووە، 85%ی داهاتەكە بەشێوەی نەختینەیە و 13%ی بەشێوەی چەكە و 2% مەقاصەیە.
رۆژی 15ی كانوونی یەكەمی ساڵی 2022، بە درووشمی بەسیستمكردن و دیجیتاڵكردنی خزمەتگوزارییەكانی هاووڵاتییان لە دامودەزگاكانی حكومەت، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كردنەوەی ماڵپەڕی شەفافییەتی راگەیاند. رۆژانە و هەفتانە ئەو داهاتانەی تێدا بڵاودەكرێتەوە كە نانەوتین و لە رێگەی 6 گەنجینە لە سلێمانی، گەرمیان، راپەڕین، چەمچەماڵ و هەڵەبجەوە كۆدەكرێنەوە. نووسینگەی جێگری سەرۆكی حكومەت سەرپەرشتی ماڵپەڕەكە دەكات.