لە دهۆك مامۆستایەكی ئاینی لەسەر ڕەخنەگرتن لەپرۆژەی رووناكی لە وتاردان دوورخرایەوە

کوردستان 02:05 PM - 2026/04/18

وادیارە لە سنووری دهۆك و هەولێر  بەرپرسانی باڵە ناخۆشەكەی پارتی، قبوڵی راستییەكان ناكەن‌و رێگە نادەن هیچ كەسێك، تەنانەت مامۆستایانی ئاینیش  راستییەكان بڵێن و دژی هەندێك كار و پرۆژەیان بوەستنەوە، كە زیانی بە گیرفانی هاووڵاتیان گەیاندووە‌و گیرفانی خۆیانی پڕكردوە، بۆیە هەر زوو لە وتاردان و خزمەتكردن دووریان دەخەوە .

 لە هەفتەی رابردوودا مامۆستا هەرمان خەلیل بێسفكی كە مامۆستایەكی ئاینی بەتوانا و لێهاتووە لە شاری دهۆك لەوتارێكدا باسی پرۆژەی رووناكی كرد، ئەم مامۆستایە وێرای ئەوەی دەستخۆشی لە حكومەت دەكات بەهۆی ئەوەی كارەبای كردووە بە 24 سەعاتی، بەڵام نیگەرانی ئەوەش دەردەبڕێت كە  نرخی كارەباكە گرانە و  تێچوویەكی زۆر لەسەر خەڵك دەكەوێت، بۆیە دەڵێت خوای گەورە ئەو زوڵمە قبوڵ ناكات كە بەرامبەر ئەو خەڵكەی دەكەن،

دوای چەند رۆژێك لەو وتانە، مامۆستا هەرمان لەلایەن بەرێوەبەرایەتی ئەوقافی دهۆكەوە ئاگادار دەكرێتەوە كە چیتر بۆی نییە وتاربێژی بكات‌و بڕواتەوە بۆ مزگەوتەكان وتار پێشكەش بكات، بەبێ‌ ئەوەی ئاماژە بە هۆكاری دوورخستنەوەی لە وتاردان كرابێت. ئەم كارە نارەزایەتی خەڵكی بەدوای خۆیدا هێنا و هەمووان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ئیدانەی دەكەن و دەڵێت، حكومەت راستی و حەقی پێناخۆشە و ئازادی رادەربڕینیشی لە دهۆك و هەولێر قەدەغەكردووە.

مامۆستا هەرمان خەلیل بێسفكی لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك ڕایگەیاندوە، بەداخەوە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەوقافی دهۆكەوە ئاگاداركراوەتەوە، كە بەبڕیاری وەزارەتی ئەوقاف‌و كاروباری ئاینی لە وتاردان ڕاگیراوە، بۆیە ڕۆژی هەینی ڕۆژی 17ی نیسانی 2026 وتار ناخوێنێتەوە، لە كۆتایی نوسینەكەشیدا دەڵێت، حسبنا الله و نعم الوكیل.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو