دۆناڵد ترەمپ قسەی نوێی هەیە و دەڵێت: لە دوو بۆ سێ هەفتەی داهاتوودا زۆر بەهێزتر لە ئێران دەدەن و دەیانگەڕێننەوە بۆ سەردەمی چاخی بەردین. دەشڵێت: دەبێت ئەو وڵاتانەی كاریان لە گەرووی هورمزە، خۆیان گەرووەكە بپارێزن.
دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمەریكا لە وتارێكی تەلەفزیۆنیدا، باسی لە جەنگی ئەمەریكا- ئیسرائیل دژی كۆماری ئیسلامی ئێران كردو وتی، تەنها مانگێك بەسەر ئەو ئۆپراسیۆنە تێدەپەڕێت كە كرایە سەر ئێران، ئێستا هێزی چەكداری و ئاسمانیی ئێران نەماون، سوپای پاسداران بە تەواوی زیانی بەركەوتووە و سەكۆكانی هەڵدانی مووشەكی خاپوور كراون. وتیشی، لە چوار هەفتەی رابردوودا، هێزەكانی وڵاتەكەی سەركەوتنی خێرا و یەكلاكەرەوەیان بەدەستهێناوە.
ترەمپ لە وتارەكەیدا باسی لەوەشكرد، ئامانجی ئێران ئەوە بوو كە هێندە موشەك بەرهەم بهێنێت كە هیچ كەسێك نەوێرێت هێرش بكاتە سەری و دواتر چەكی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت. لە بەدیهێنانی ئەم ئامانجەش خەریك بوو نزیك دەبووەوە. هەروەها تەئكیدی كردەوە، تاران هەموو توانایەكی بەرگری و هێرشبردنی لەدەستداوەو چیتر ناتوانێت هەڕەشە لە بەرژەوەندییەكانی واشنتۆن و هاوپەیمانەكانی بكات.
سەرۆكی ئەمریكا هۆشدارییەكی تووندی دا و رایگەیاند، لە دوو بۆ سێ هەفتەی داهاتوودا زۆر بە خراپی لە ئێران دەدەن و دەیانگەڕێننەوە بۆ سەردەمی چاخی بەردین. باسی لەوەشكرد كە ئامانجە ستراتیژییەكانیان بەرەو تەواوبوون دەچن و پلانی وایە لە ماوەی 3 هەفتەی داهاتوودا هەموو شتێك كۆتایی پێ بهێنێت، چونكە واشنتۆن لەم جەنگەدا سەركەوتنی بەدەستهێناوە.
وتیشی، گۆڕینی دەسەڵات لە ئێران بەدیهاتووە و ئەو گرووپە نوێیەی كە هاتووەتە سەر دەسەڵات، كەمتر رادیكاڵ و توندڕەون و عەقڵانیتر بڕیار دەدەن. هاوكات تەئكیدی كردەوە، ئەگەر رێككەوتن نەكرێت، ئامانجە نوێكان، لەوانەش كارەبا و دامەزراوە نەوتییەكانی ئێران بۆردومان دەكەن.
سەرۆكی ئەمەریكا باسی لە نیگەرانییەكانی ناوخۆی وڵاتەكەی كرد سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و رایگەیاند، نرخی سووتەمەنی دووبارە دادەبەزێت.
هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ لە وتارەكەیدا راستەوخۆ لەبارەی هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ)وە قسەی نەكرد، بەڵام رەخنەی لەو وڵاتانە گرت كە رەتیانكردووەتەوە یارمەتی ئەمەریكا بدەن لە كردنەوەی گەرووی هورمزدا و پێشنیاری كرد ئەگەر نەوتیان كەم بووەوە، پێویستە لە ئەمەریكای بكڕن یان با خۆیان بڕۆن و گەرووی هورمز بكەنەوە.