هەرچەند بڕیاربوو ئەمڕۆ دوای نزیكەی مانگێك لە داخستنی ناوەندەكانی خوێندن ، دەوام لە خوێندنگا و زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێمی كوردستان ئاسایی بێتەوە، بەڵام بەداخەوە بەهۆی ئەو بارودۆخە نەخوازراوەی لە ناوچەكە دروستبووە، ئەمڕۆ یەك شەممە لە سەرجەم ناوەندەكانی خوێندن لە سنووری سلێمانی و هەولێر و دهۆك و سۆران و كۆیە و راپەڕین كرایە پشووی رەسمی .
لەوبارەیەشەوە درەنگانی شەوی رابردوو پارێزگاری سلێمانی و هەولێر راگەیەندراوێكیان بڵاوكردەوە و ئاماژەیان بەوەكرد، لەبەر ئەم بارودۆخەی ئێستای ناوچەكە، دوای راوێژو رەزامەندی وەزیرانی پەروەردەو خوێندنی باڵا، بڕیاریانداوە ئەمڕۆ لەسەرجەم ناوەندەكانی ئەو دوو وەزارەتە بكرێتە پشوو .
ئەمەش لەكاتێكدایە شەوی رابردوو دەنگی ژمارەیەك درۆن لەئاسمانی هەرێمی كوردستان بیستران و چەند ناوچەیەكیش لە سنووری سۆران و چۆمان بۆردوومانكران.