کاروان ستونی، وتەبێژی حەج و عومرەی کوردستان، ڕایگەیاند کە وادەی دەرچوونی ڤیزای عومرە بۆ ئەم وەرزە دیاریکراوە و ئاماژەی بەوە کرد کە ڕۆژی ١ی شەوال (٢٠/٣/٢٠٢٦)، دواین ڕۆژی دەرچوونی ڤیزا دەبێت .
هەروەها کاروان ستونی ڕایگەیاند، ئەو کەسانەی کە ڤیزایان وەرگرتووە و گەشتیان نەکردووە دواین وادە بۆ چوونە ناو خاکی عەرەبستانی سعوودیە لەلایەن عومرەکارانەوە، ڕۆژی ١٥ی شەوال (٣/٤/٢٠٢٦) دەبێت و جەختی کردەوە، کە نابێت لەو ڕێکەوتە بەدواوە هیچ عومرەکارێک لە سعوودیە مابێتەوە و پێویستە هەمووان گەڕابێتنەوە.
سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی حەج، کاروان ستونی ئاماژەی بەوە کرد، کە زۆربەی ئامادەکارییەکان بۆ حەجی ئەمساڵی ٢٠٢٦ تەواو کراون، بەڵام بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکی نوێ یان گۆڕانکاری بۆ وەرزی حەجی ٢٠٢٦ نەدراوە و کارەکان وەک خۆیان بە ڕێکوپێکی بەڕێوەدەچن.
لە کۆتاییشدا، کاروان ستونی ئاماژەی بەوە کرد، کە هەر لە ڕێکەوتی ١٨/٤/٢٠٢٦، یەکەم ڕۆژی چالاککردنی ڤیزای حەجی ئەمساڵ دەبێت و بەمەش قۆناغی کردەیی گەشتی حاجی ئەمساڵ ٢٠٢٦ دەستپێدەکات.