بەپێی پێشبنییەكانی كەشناسی، ئێوارەی ئەمڕۆ بارانبارین لە هەرێمی كوردستان دەستپێدەكاتەوەو چەند رۆژێك بەردەوام دەبێت، بەوپێیەش رۆژانی جەژنی رەمەزانو نەورۆز باران دەبێت، رەنگە ئەوەش رێگربێت لە چوونەدەرەوەی هاووڵاتیان بەتایبەت بۆ سەیرانگا و شوێنە گەشتیارییەكان.
بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ تا كاتەكانی نیوەڕۆ ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت لە دوای نیوەڕۆوە دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور. لە كاتەكانی ئێوارەی رۆژی پێنج شەممە شەپۆلێكی باران بارین روو لە ناوچەكەمان دەكات، لە ئەنجامی كاریگەری نزمە پاڵە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست، ناوچەكەمان دەكەوێتە ژێر كاریگەری ئەم شەپۆلە، هەروەها لەسەر ناوچە شاخاوییەكانو قەزاو ناحیەكانی ناوچە شاخاوییەكانی پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سۆران و ئیدارەی زاخۆ و بەشێك لە ئیدارەی راپەڕین باران بارین بەشێوەی نمە باران و هەندێ كات بارانی مامناوەند دەبێت و ئەگەری هەورە بروسكەش هەیە.
لە سنووری باشووری پارێزگای هەولێر و بەشێك لە سنووری پارێزگای دهۆك و پارێزگای كەركوك لە كاتەكانی شەودا رێژەی باران بارینی زیاتر دەبێت و باران بارینی بە لێزمەی دەبێت، ئەگەری هەورە بروسكەش لە كاتی باران بارینی بە لێزمە هەیە.
كاریگەری ئەم شەپۆلەش بۆ ماوەی چەند رۆژێك لەسەر هەرێم بەردەوامی دەبێت، لە ئەنجامی یەكگرتنی هەردوو نزمە پاڵە پەستۆی دەریای ناوەراست و دەریای سوور. هەروەها لە ماوەی رۆژی هەینیو یەك شەممە كاریگەری ئەم شەپۆلە بە باران بارین و چالاك بوونی خێرای باو هەورە بروسكە و بارانی بەلێزمە و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە هەندێك ناوچە بەراورد بە رۆژانی تر زیاتر دەبێت.