محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عیراق، تەئكید لە نەبوونی هیچ گرفتێكی دارایی دەكاتەوەو دڵنیاییش دەدات لەدوای پشووەكانی جەژنی رەمەزان مووچەی مانگی ئاداری مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان خەرج دەكرێت.
سودانی دەڵێت، دابەشكردنی مووچە هیچ گرفتێكی نییە و دوای پشووەكانی جەژنی رەمەزان، مووچەی مانگی ئاداری مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان رەوانە دەكرێت.
بەهۆی ئەوەی پشووەكانی جەژن لە عیراق تاوەكو رۆژی دووشەممە بەردەوام دەبن و رۆژی سێشەممە 25ی ئازاری 2026 دەوامی رەسمی دەستپێدەكاتەوە، ناردنی پارەی مووچە دەكەوێتە دوای ئەو رۆژە.
وەزارەتی دارایی عیراق، پڕۆسەی دابەشكردنی مووچەی مانگی ئاداری دەستپێكردووەو تەواوی خانەنشینانی وڵات مووچەكانیان وەرگرتووە. رۆژی چوارشەممە، مووچەی فەرمانبەرانی كۆمپانیاكانی نەوت، وەزارەتی پەیوەندییەكان و غازی شیمال دابەشكراوەو پرۆسەكەش بەردەوام دەبێت.
لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەنگۆی ئەوە بڵاوكرایەوە كە بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوتی بەسرە لە گەرووی هورمزەوە، عیراق تەنها نیو مووچە دابەش دەكات، بەڵام گەلی كوردستان بەدواداچوونی بۆ ئەم پرسەكردووەو زانیویەتی، داتاكان پێچەوانەی ئەمە دەسەلمێنن، هەرچەندە گەرووی هورمز لە سەرەتای جەنگی ئەمریكا-ئیسرائیل لەگەڵ ئێران داخراوە و هەناردەی نەوت راوەستاوە، بەڵام سیستمی دارایی عیراق بە جۆرێكە كە پارەی فرۆشتنی نەوتی مانگی كانوونی دووەم، لە مانگی ئازاردا وەردەگیرێت، بۆیە حكومەت تاوەكو كۆتایی مانگی نیسان تووشی هیچ كورتهێنانێكی دارایی نابێت بۆ دابینكردنی مووچە.
هەروەها حكومەتی عیراق، بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر قەیرانێكی دارایی، خاوەنی 110 ملیار دۆلار یەدەگی دراوی بیانی و 170 تۆن ئاڵتوونە. بەغداد پێشتریش لە كاتی شەڕی داعش لە ساڵانی 2014 تاوەكو 2016و هەروەها لە سەردەمی كۆرۆنادا، سوودی لەم یەدەگە داراییانە وەرگرتووە بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران و رێگریكردن لە هەر جۆرە پاشەكەوت یان كەمكردنەوەی مووچە، جگە لەوەش حكومەتی عیراق دەتوانێت لە بانكەكانی ناوخۆ قەرزبكاتو خەرجییەكانی خۆی پێ دابین بكات.
لەدوای رێككەوتنی حكومەتی هەرێمو حكومەتی فیدراڵی، هەناردەكردنی نەوت لە بۆرییەكانی نەوتی هەرێمی كوردستان دەستیپێكردەوە، ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەڵێت، ئەم رێككەوتنە دەبێتە بنچینەیەكی بەهێز بۆ دابینكردنی داهاتو پاڵپشتییەكی گرنگ دەبێت بۆ بەردەوامیی خەرجكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان.
لەدوای پەیامەكەی سەرۆك بافڵ، لەبارەی هەناردەكردنی نەوت، هاوكێشەكان گۆڕانكاری بەسەردا هات، لەبەرژەوەندی خەڵك پرسە سیاسییەكان گۆڕان، ئەوە بوو، هەرێمی كوردستان رازی بوو، نەوت هەناردە بكات و بەغدادیش بە پێشنیارەكەی هەرێم رازی بوو، ئەمەش گرەنتی مووچەی مووچە خۆرانی هەرێمی كوردستانی كرد.