ناوی فڕۆكەخانەی سلێمانی گۆڕدرا بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی

کوردستان 10:19 AM - 2026/03/19


گۆڕینی ناوی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی چووە بواری جێبەجێكردنەوە.
فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بە خۆشحاڵییەوە رایدەگەیەنن، دوایی تەواوبوونی رێكارە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان، ئاماژە بە دوایین بڕیاری دەسەڵاتی فڕۆكەوانی شارستانی عیراق، ئەمڕۆ 19ئادار، گۆڕینی ناوی (فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی) بۆ (فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی) چووە بواری جێبەجێكردنەوە.
فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی رایگەیاندووە، بە پێویستی دەزانین سوپاسی هەموو ئەوانە بكەین كە هاوكار بوون لە جێبەجێكردنی ئەو بڕیارەدا كە بیرۆكە و دەستپێشخەریەكی گەورەی دامەزراوەی (سەرۆك جەلال تاڵەبانی) بوو، توانیان بەهاوكاری لایەنە پەیوەندیدارەكان ئەم كارە گەورەیە بە ئەنجام بگەیەنن، كە شایستەی خەبات و تێكۆشان و گەورەیی ناوی (سەرۆك مام جەلال) بێت كە (فڕۆكەخانە)ش وەك بەشێك لە دامەزراوە ئەكادیمی و خزمەتگوزارییە گرنگەكانی تر لەسەر دەستی (سەرۆك مام جەلال) لە سلێمانیدا بونیادنراون، وەك دیاری و یادگاری دەمێننەوە.
فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی، بەهاووڵاتیانی راگەیاندووە، ئەم  گۆڕانكارییە گرنگە بۆ ئێمە لە فڕۆكەخانە، رووداوێكی مێژووییە كە دەبێتە هەڵگری ناوی جوامێری بەخشندەیی (سەرۆك مام جەلال) كە تاوی زیاترمان دەدات لە خزمەتكردنتان، بە تایبەت (شاری سلێمانی) كە (مام) پەیوەستی كردبوو بە (ژیان)ەوە و ناوی نابوو (شارە حەیاتەكە).
بەم بۆنەیەوە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی، پیرۆزبایی لەخۆیان و دانیشتووانی (شارە حەیاتەكە) و تەواوی هاووڵاتیان لە هەرێمی كوردستان و عیراق و تاراوگە دەكات.
لە 29ـی تشرینی دووەمی 2003، بەردی بناغەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی كە ئێستا فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی-یە  دانرا، رووبەری فڕۆكەخانەكە 13 كیلۆمەتر و نیو چوارگۆشەیە؛ لە 20ـی تەمموزی 2005، لەلایەن سەرۆك مام جەلال، سەرۆك كۆماری ئەوكاتەی عیراق كرایەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو