ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتی، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران و بە ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران کۆبونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات.
بەپێی کارنامەی بڵاوکراوەی کۆبوونەوەکە، سێ تەوەری سەرەکی گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت، کە بریتین لە؛ پرسی موچە و یەکخستنەوەی هیزەکانی پێشمەرگە و درێژکردنەوەی لێخۆشبوونی رێژەی 20٪ لە سزاکانی سەرپێچیی هاتووچۆن.
لە بڕگەی یەکەمی کارنامەی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنەکە بەدواداچوون بۆ دوایین پێشهاتەکانی رەوشی دارایی هەرێم و پرسی خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆران دەکات، هاوکات ئەنجامی کۆبوونەوەکانی تیمی هاوبەشی چاودێری دارایی فیدراڵی و هەرێم لەبارەی پابەندییە داراییەکانی نێوان هەردوولا دەخرێتە روو.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری پێشمەرگە هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی چاکسازییەکانی ناو وەزارەت و پڕۆسەی رێکخستنەوەی سەرجەم هێزەکان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا دەخاتە روو، کە ئامانج لێی دیاریکردنی وردی تایبەتمەندی و ئەرک و دەسەڵاتەکانی ئەو هێزانەیە.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا، ئەنجومەنی وەزیران بڕیار لەسەر پێشنیازێکی وەزارەتی ناوخۆ دەدات بۆ درێژکردنەوەی ماوەی کارکردن بە بڕیاری لێخۆشبوونی رێژەی 20٪ لە سزاکانی سەرپێچیی هاتووچۆ.
بەپێی پێشنیازەکە، بڕیارە ئەم لێخۆشبوونە بۆ ماوەی شەش مانگی تر و تاوەکو رێککەوتی 30ی حوزەیرانی 2026 درێژ بکرێتەوە، بەمەبەستی کار ئاسانی بۆ هاووڵاتییان لە دانەوەی سزاکانیاندا.