ئەمریكا تەواوی هێزەكانی لە سوریا دەكشێنێتەوە

عیراق 11:05 AM - 2026/02/19

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ راپۆرتێكی لەبارەی سوریا بڵاوكردووەتەوە و تێیدا لەزاری سێ لێپرسراوی ئەمریكی ئاماژەی بەوەكردووە، واشنتۆن پرۆسەی كشانەوەی تەواوەتی هێزەكانی لە سوریا دەستپێكردووە، كە ژمارەیان نزیكەی هەزار سەربازە. ئەوەش هەنگاوێكە كە كۆتایی بە ئۆپراسیۆنێكی سەربازیی دە ساڵە دەهێنێت كە لە خاكی سوریادا بەڕێوەچووە.
بەپێی راپۆرتەكەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، هێزەكانی ئەمریكا لە ماوەی رابردوودا بنكەی تەنەفیان چۆڵ كردووە، كە پێگەیەكی ستراتیژی گرنگ بوو لە سێگۆشەی سنووری نێوان سوریا، ئوردن و عیراق. كشانەوەش لە بنكەی شەدادی لە باكووری رۆژهەڵاتی سوریا كۆتایی هاتووە. هەروەها بڕیارە لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا، تەواوی هێزە ئەمریكییەكان لەو شوێنانەی تریش كە ماونەتەوە، بكشێنەوە.
لێپرسراوانی ئەمریكا دەڵێن، بڕیاری كشانەوەی هێزەكانیان لە سوریا، هیچ پەیوەندییەكی كۆكردنەوەی هێزی دەریایی و ئاسمانی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەگەری هێرشكردنەسەر ئێران نییە. بەڵكو ئیدارەی ترەمپ گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی كە چیتر بوونی سەربازی ئەمریكا لە سوریا پێویست نییە.
لە بەرامبەر ئەو بڕیارە، لێپرسراوانی ئەمریكی و بیانی هۆشداری دەدەن، رەنگە كەمكردنەوەی ئامادەیی سەربازی وڵاتەكە ببێتەهۆی سەرهەڵدانەوەی گرووپی تیرۆریستی داعش یان شكانی رێككەوتنی ئاگربەستی نێوان دیمەشق و كورد.


بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو