کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

حكومەتە تەكنۆكراتەكەی عەڵاوی بووبە قوربانی پشك پشكێنەی لایەنە سیاسیەكان

مەزن مەحمود

03:53 PM - 04/03/2020

‎پاش دەست لەكاركێشانەوەی عادل عەبدول مەهدی سەرۆك وەزیرانی پێشوی عێراق لە ١/١٢/٢٠١٩ و بەردەوامی خۆپیشاندانەكانی بەغداد و شارەكانی تری عێراق و ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسیەكان لەسەر دەستنیشانكردنی جێگرەوەیەك بۆ سەرۆك وەزیران لەنێو ئەو هەموو فشارەی خۆپیشاندەران و داواكاری لایەنەسیاسیەكانی عێراقدا ، دواجار سەرۆك كۆماری عێراق پشت ئەستوور بە  دەستوری عێراقی هەوڵیدا كەسێك دەستنیشان بكات كە جێگەی ڕەزامەندی خۆپیشاندەران بێت و ویستی لایەنە سیاسیەكانیشی لەسەربێت .

‎ محمد تۆفیق علاوی لە ١/٢/٢٠٢٠ لەلایەن سەرۆك كۆماری عێراق دكتۆر بەرهەن ئەحمەد ساڵح ڕاسپێردرا بۆ پێكهێنانی حكومەت و دامركاندنەوەی ئاگری خۆپیشاندەران و ڕازیكردنی عێراقیەكەن بە گشتی ، بەڵام بەهۆی بیروبۆچونەكانی و ویستی بۆ گۆڕینی شێوازی تەقلیدی حوكم لە عێراق لە پشك پشكێنە و بەش بەش كردنی عێراق لە نێوان لایەنە سیاسیەكان بۆ حكومەتێكی تەكنۆكراتی (دانانی كەسی شیاو و پسپۆڕ بۆ شوێنی شیاو ) بەبێ كەڕانەوە بۆ لایەنە شیعیەكان و تەنانەت لایەنە سیاسیەكانی كورد سونەشی بێبەشكرد لە حكومەتەكەیدا، ئەم هەوڵەی شكستی هێناو هیچ لایەنێك لە ناو پەرلەمانی عێراق دەنگی بە كابیمەكەی نەدا جگە لە لایەنگرانی موقتەدا سەدر كە هەر لەسەرەتای دەستنیشانكردنی محمد تۆفیق عەلاوی پشتگیری لێدەكرد بۆ بوون بە سەرۆك وەزیران، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ئەم شێوازی حكوم كردنە بە ڕاستی عێراق نامۆیە و لە عێراقدا هێز حكوم دەكات نەك گەل.

‎ ئێستا دوای شكستهێنانی محمد تۆفیق عەلاوی لە دامەزراندنی حكومەتەكەی كە ماوەی ٣٠ ڕۆژی بۆ دیاری كرابوو ، عێراق گەڕاوەتەوە بۆ خاڵی سەرەتا و بۆشاییەكی قانونی دەستوری دروست بووە لە حكومەتدا و عادل عەبدول مەهدیش دەستبەرداری حكومەتە كاربەڕێكەرەكەی بووە و تەنانەت لە دانیشتنی ئەنجومەنی وەزیرانیشدا بەشداری ناكات و داوای لە جێگرەكەی فواد حسێن كرد سەرپەرشتیاری دانشتنەكەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بكات، بۆ ئەم مەبەستە لایەنە سیاسیەكانی عێراق زۆر ناو دێنن بۆ پركردنەوەی ئەوبۆشاییە قانونی و دەستوریەی كە دروست بووە، دیارترینیان مستەفا كازمی-ە كە لەئێستادا سەرۆكی دەزگای هەواڵگری عێراقە ، ئەگەر چی هێشتا بەشێوەیەكی ئاشكرا بەربژێر نەكراوە تەنها لەلایەن ڕەوتی حكمەی وەتەنی كە عەمار حەكیم سەركردایەتی دەكات ناوی هێنراوە، بەڵام هەر لە سەرەتاوە ڕەخنەكان زۆر توند و جدین لەسەر مستەفا كازمی، بەهۆی ئەوەی كە بەشێك لە لایەنەسیاسیەكان بە كەسایەتیەكی سەربازی و هەواڵگیری دەزانن و دەڵێن دوورە لە سیاسەتەوە و ڕاستیەكەی بە مەترسی دەزانن لەسەر پرۆسەی سیاسی، لەلایەكی ترەوە هەموو ئەو میلیشیا شیعانەی لە عێراقدان و سەر بە ئێرانن لەوانە حزبوڵا ، ڕاستەوخۆ تاوانباری دەكەن بەوەی كە دەستی هەبێت لە كوشتنی سەركردەكانیان قاسم سڵێمانی فەرماندەی سوپاسی قدسی پاسداران و ئەبو مەهدی مهندیس جێگری سەرۆكی حەشدی شەعبی، حسین مەئەنەس سەركردە لە حزبوڵا دەست نیشانكردنی مستەفا كازمی بە ڕاگەیاندنی جەنگ لە دژی ئەوان دەزانن و هەڕەشەی سوتاندن و لەناوبردنی عێراق دەكەن.

‎لەلایەكی ترەوە لایەنگرانی مستەفا كازمی میلشیاكان بەوە تۆمەتبار دەكەن كە ترسیان لە بوونی ئەو هەبێت بۆ بوون بە سەرۆك وەزیران ، بەهۆی ئەوەی یەكێكە لەو كەسانەی داوادەكات چەك تەنها بەدەستی دەوڵەت بێت وداوای چەك كردنی میلیشیاكانی عێراق دەكات.

‎ئەوەی گرنگە سەرنجی بخرێتە سەر ئەوەیە كە عێراق چۆن ڕزگاری دەبێت ؟

‎بەڕایی زۆرینەی چاودێران و ویستی خۆپیشاندارەكان تاكە چارەسەر بۆ كێشەی عێراق ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەیە ، بەڵام هەڵبژاردنێكی پاك و لەژێر چاودێری ڕێكخراوە جیهانی و نێودەوڵەتیەكان و بەسەرپەرشتی نەتەوەیەكگرتووەكان بێت

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە