کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

پڕۆژەی غازی توركیش ستریم

.

10:12 AM - 29/07/2015

سەرۆك وەزیرانی روسیا پێشنیازێك دەخاتەبەردەم سەرۆك وەزیرانی سلۆڤینیا بۆ بەشداریكردن لە پڕۆژەی بۆری غازی توركیش ستریم، بەڵام سلۆڤینیا بەمەرجەكانی پڕۆژەكە رازی نییە‌و قسەكردنیش لە ئێستادا لەسەر ئەو پڕۆژەیە بە زەحمەت دەزانێت.
لەمیانەی سەردانێكی دوو رۆژەیدا بۆ سلۆڤینیا، (دیمیتری میدڤیدڤ) سەرۆك وەزیرانی روسیا چەند پێشنیازێكی خستووەتە بەردەم سەرۆك وەزیرانی سلۆڤینیا، بەمەبەستی بەشداریكردنی لەپرۆژەی بۆری گواستنەوەی غازی سروشتی روسیا لەرێگەی توركیاوە بۆ ئەوروپا.
وتیشی، لە گفتوگۆكانمان بەردەوام دەبین لەگەڵ بەرپرسانی سلۆڤینیا و باوەڕیشم وایە كە بەشداری كردنی سلۆڤینیا لە پرۆژەكەدا بابەتێكی گونجاوە، ئەگەر هاتوو پڕۆژەی بۆری غازی توركیش ستریم گەیشتە دوا قۆناغ، ئەوا سلۆڤینیاش دەبێتە بەشێك لە پرۆژەكە.
هاوكات (میرۆ سێرار) سەرۆك وەزیرانی سلۆڤینیا سەبارەت بە بەشداریكردنی وڵاتەكەی لە پرۆژەكەدا وتی، هێشتا زووە بۆ ئەوەی بڕیار بدەین، هەروەها مەرجەكانی بەشداریكردن لە پڕۆژەكەدا بۆ وڵاتەكەی دەست نادات.
وتیشی، چەند پێشنیازێك سەبارەت بە پرۆژەكە دراوەتە ئێمە، ئێمەش ئەندامێكی یەكێتی ئەوروپاین و پێویستە بەباشی بڕیار لەسەر ئەوە بدەین كە هەڵوێستمان چی بێت، ئەو كاتەش كە بڕیار دەدەین بەشداری لە پرۆژەكەدا بكەین، چی لەدەستمان بێت دەیكەین. بەڵام لەبەرئەوەی لە داهاتوویەكی نزیكدا بڕیارێكی لەو جۆرە نادەین، لە ئێستادا قسەكردن لەوبارەیەوە زەحمەتە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە