کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

وەفدێکی نەتەوەیەکگرتووەکان سەردانی نووسینگەی سلێمانی جێگری سەرۆک وەزیرانی کرد

.

05:30 PM - 28/03/2024

وەفدێکی نوێنەرایەتی هاوکاری نەتەوەیەکگرتووەکان بە سەرۆکایەتی مانوج ماتیۆ سەردانی نووسینگەی سلێمانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانیان کرد و لەلایەن مامۆستا عەتا محەممەد بەڕێوەبەری نووسینگەوە پێشوازی لێ کرا.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی پێنج شەمە ( ٢٨ی ئازاری ٢٠٢٤) بەڕێوەچوو و ئەژی عبدالقادر رواێژکار جێگری سەرۆک وەزیران ئامادەی بوو، تاوتوێی دوا گۆڕانکارییە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عیراق، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و هەڵبژاردنەکانی خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان کرا.

سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، عەتا محەممەد هەڵوێستی جێگری سەرۆک وەزیرانی بۆ وەفدەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان روون کردەوە کە پێویستە هەڵبژاردن بە شێوەیەکی پاک و بێگەرد و لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوەبچێت.

جەختیشی کردەوە دواخستنی هەڵبژاردن زیان بە پرۆسەی سیاسی و پێگەی هەرێم دەگەیەنێت.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا کرا و لەمبارەیەشەوە بەرێوەبەری نووسینگەی سلێمانی جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە هەوڵی باش هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بە تایبەتیش کێشەی بودجە و موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و وتیشی: جێگری سەرۆک وەزیران بەو ئاراستەیەدا کار دەکات کە ئەم کێشەیە بە شێوەیەکی بنەڕەتی و هەمیشەیی چارەسەر بکرێت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە