کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

كێشەی موچەخۆران كێشەی یەكێتیی نیشتمانيی كوردستانە

.

10:46 PM - 26/03/2024

بورهان شێخ رەئوف

بۆهەر چاودێرێكی بێلایەن و بە ویژدانی دۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان ڕوون و ئاشكرایە  یەكێتیی نیشتمانيی كوردستان خاوەندارێتی لە كێشەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەكات  بە كارمەندان و خانەنیشنانیشەوە .

دوا كۆبونەوەی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عيراق و وەزیری داد لە گەڵ بەڕێز موحەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عيراقی فیدراڵ سەلمێنەری ئەو ڕاستیەن، ئەمە جگە لە هەوڵ و كۆششەكانی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لە دووساڵی ڕابردوودا چ بە سەردانە مەكۆكی و بەردەوامەكانی بۆ بەغداو كۆڕو كۆبوونەوەكانی لە گەڵ سەركردەكانی لایەنە عيراقیەكان بۆ چارەسەركردنی قەیرانی موچە ،جگە لە  خەمخۆری و خاوەندارێتی  لەو كێشە هیچ ماناو لێكدانەوەیەكی تر هەڵناگرێت .

ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بینیمان لە هە ڵمەتێكی چەواشەكارانەی هەندێك لایەنی هەرزەی سیاسی و پۆپۆلیست و بۆ بەلاڕێدا بردنی خۆپیشاندانی مامۆستایان كەلە چەند مانگی ڕابردوودا هەموومان شاهیدین لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەكانی ڕاپەرین و گەرمیان بەئازادانەو بەڕێزەو بایكۆت و خۆپیشاندانەكانیان بەڕێوەبرد و پارێزگاریشیان لێدەكرا لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە ، ئێستا دەیانەوێت یەكێتیی بە پێچەوانەوەكەیەوە  پیشان بدەن و لە ئاوی لێڵدا ڕاو بكەن .

چۆن پێشتریش  یەكێتیی سكاڵای لە سەر یاسای هەڵبژاردنەكانی هەرێم تۆمار كرد لە دادگای باڵای فیدراڵی عيراق و سەركەوتنی بە دەستهێنا ویستیان بیكەن بە دەستكەوتی خۆیان ، ئێستا شوكر خەڵك هۆشیارە بەری خۆر بە بێژنگ ناگیرێت وكەس بە  درۆو دەلەسەكانیان  باوەڕ ناكات .

ئەوە یەكێتیی بوو شەڕی بڕگەی (13) ی كرد لە یاسای بوودجەدا بۆ مسۆگەركردنی موچةی كارمەندانی هەرێم و پارێزگا ناڕازییەكان ، ئەوە یەكێتیە هەمیشە قوربانی بە بەرژەوەندییە حزبیەكانی خۆی دەدات لە سەرئاستی عیراق و هەرێمی كوردستانیش لە پێناو بەرژەوەندییە باڵاكانی خەڵكی كوردستان .

خۆ یەكێتیی هەر لە سەرەتای دامەزراندنی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە داكۆكیكاری مافی خەڵك بووە لە داهاتەكانی ئیبراهیم خەلیلەوە تا بەرهەمهێنانی نەوت لە شیواشۆك بە توانای ناوخۆیی بۆ خزمەتی ئابووری هەرێم و بنیتنانی ژێرخان ، كەهەندێك لایەن ئەوسا گاڵتەیان لێ دەهات هەمووی بە بەڵگەوە ماون .

لە ئێستاشدا یەكێتیی نیشتمانیی  كوردستان بە سەرۆكایەتی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی و دوای سەركەوتنی لیستەكانی  یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عيراق ، مەردانە لە مەیداندایە و خۆی لە بەرپرسیارێتی ناشارێتەوە سازو ئامادەیە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و بۆیە زۆرێك لەو هێزو لایەنە پۆپۆلیست و هەرزە سیاسیانە لەرزییان لێهاتووەو سیناریۆ و درۆی شاخدار دروست دەكەن بۆ بەلاڕیدا بردنی ڕاستییەكان ، بەڵام خەیاڵیان خاوە چاكسازی و پاكسازی و ڕاستكردنەوەی ڕێڕەوی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان هەر بە هێزێكی ڕەسەن و ڕەگوڕیشەداری وەكو یەكێتیی نیشتمانی كوردستان دەكرێت .

لە كۆتاییدا پێمخۆشە ئەوە بە بیری هەموو لایەك بهێنمەوە هیچ نەبێت ئەزموونی شازدە ساڵی ڕابردوو لە هەرێمی كوردستان  بە گشتی و زۆنی سەوز بە تایبەتی ئەوەی سەلماند كە هیچ لایەنێكی تر ناتوانێت هاوسەنگی بگێڕێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان جگە لە یەكێتیی نیشتمانی كوردستان .

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە