کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

سێنتكۆم: گواستنەوەی زیندانكراوانی داعش لە سوریاوە بۆ عیراق كۆتاییهات

.

07:52 PM - 13/02/2026

فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا (سێنتكۆم)، تەواوكردن و كۆتایی هاتنی پرۆسەی گواستنەوەی زیندانكراوانی داعشی لەسوریاوە بۆ عیراق راگەیاند و دەڵێت، هێزەكانیان، لە ماوەی 23 رۆژدا زیاتر لە 5700 ئەندامی داعشیان لە سوریاوە بۆ عیراق گواستەوە.

فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا (سێنتكۆم)، لە پلاتفۆڕمی ئێكس رایگەیاند، ئەركی گواستنەوەكە كە ماوەی 23 ڕۆژی خایاند، لە 21ی كانوونی دووەم  دەستیپێكرد و لە ئەنجامدا هێزەكانی ئەمریكا زیاتر لە پێنج هەزار و 700 چەكداری داعشیان لە زیندانەكانی سوریاوە بۆ عیراق بە سەركەوتوویی گواستەوە.

ئەدمیرال براد كووپەر فەرماندەی سێنتكۆم وێڕای ستایشی كاری هێزە بەشداربووەكان، سوپاسی سەركردایەتی و هەڵوێستی عیراقی كردووە بۆ تێگەیشتنیان لەوەی گواستنەوەی دەستگیركراوەكان بۆ ئاسایشی ناوچەكە زۆر گرنگە.

مەیجەر جەنەڕاڵ كیڤن لامبەرت فەرماندەی (سی جەی تی ئێف – ئۆ ئای ئاڕ) لە سوپای ئەمریكا رایگەیاند،  گواستنەوەی چەكدارانی داعش لە سوریاوە بۆ عیراق یارمەتیدەر دەبێت بۆ رێگری لە هەر هەوڵێكی سەرهەڵدانەوەی داعش لە سوریا. پێشتر دكتۆر خالید شوانی وەزیری دادی عیراق رایگەیاندبوو چەكدارانی داعش لە گرتووخانەی تایبەت بە تیرۆر لە ناوەڕاست و باشووری عیراق زیندانی دەكرێن. هەروەك رەتیكردەوە، ئەو زیندانانە بگوازرێنەوە بۆ زیندانەكانی هەرێمی كوردستان وەك زیندانی سوسێ یان چەمچەماڵ. بەوپێَیەی ژمارەیەكی بەرچاو لەو زیندانییانە كەسانی بیانین، وەزیری داد وتی، هەوڵە دیپلۆماسییەكانمان لە رێگای وەزارەتی دەرەوەوە بەردەوامە و داوا لە وڵاتان دەكەین، هاووڵاتی خۆیان وەربگرنەوە.

 

 

 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە