.
03:47 PM - 23/10/2025
ئێستا ئەرکی ی.ن.ك و لیستی ٢٢٢ قورسترە لە بەغداد
بارزان شێخ عوسمان
بە درێژایی ساڵانی خەبات دژی دیکتاتۆری، سەرۆك مام جەلالی مەزن لە بۆنە نیشتمانیی و ئاینییەکاندا، بەم دەستەواژەیە کۆتایی بە بروسکەی پیرۆزباییەکەی دەهێنا “ ئاهەنگی جەژنە گەورەکە لە بەغدادی خۆشەویستدا دەگێڕین “ .لەوەشدا مەبەستی لەسەرکەوتن و روخاندنی دیکتاتۆریەت بو لەعیراقدا.
بەغداد لای سەرۆك مام جەلالی واقیع بین، ئەو پێگە و سەنتەرە بو کە کێشە ئاڵۆز و پڕ گرێ و گۆڵەکانی کوردستان و تەواوی عیراقی تیادا چارەسەر دەکرێت، هەربۆیە پێویستیی هاتنە کایەی بەغدادی دیموکرات، بۆ دەستەبەربوونی مافەکانی گەلەکەمان ، لای بەڕێزیان جێگەی سازش نەبوو.
سەرەنجامیش ئەو دوور بینییەی مامی گەورەمان بەو جۆرە هاتەدی. تا رژێمی دیکتاتۆری نەروخا و کورد راستەوخۆ بەشداریی نوسینەوەی پێشنوسی دەستوری نەکرد، مافە رەواکانی لەپاڵ مافی پێکهاتەکانی تردا نەچەسپی.
بەڵێ ئاهەنگی جەژنە گەورەکەی سەرۆك مام جەلالمان لە بەغداد گێڕا کە سەرکەوتن بوو بەسەر دیکتاتۆرییدا، هەر ئەو جەژنە گەورەیەش هەڵبژاردنی رەخساند و تیایدا مام جەلال شەرەفی سەرۆکایەتیی پێ رەوا بینرا و بووە یەکەمین سەرۆکی هەڵبژێراو کە کۆتایی بە سەرۆکایەتیی کودەتاچێتی هێنا و کۆتایی بە مۆنۆپۆڵکردنی سەرۆکایەتیی بۆ نەتەوەی سەردەست هێنا و بوە سەرۆك مام جەلالی هەموو عیراقییەکان.
هەفتەمین خولی هەڵبژرادنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کە لە ١١ی نۆڤامبیری٢٠٢٥ بەڕێوەدەچێت، هاوکاتە لەگەڵ هەڵبژاردنەوەی سەرۆك مام جەلال بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتیی لەساڵی ٢٠١٠ دا، لەهەلومەرجێکی زۆر سەخت و پڕ لە ئاڵنگارییدا بەڕێوەدەچێت .
بەغداد لە زۆر لایەن و رووەوە، خەریکە ئەو بەغدادەی پانزدە ساڵ لەمەوبەر نامێنێت !، بۆیە ئەگەر لیستێکی وەك ٢٢٢ ـی ی ن ك، بە قورسایی و بەهێزییەوە ئامادە نەبێت ئەوا مەترسییەکان لەسەر ئایندەی گەلەکەمان زیاتر دەبن، دەستوور هەر بەپێشێلکردنییەوە ناکەوێتە بەر مەترسیی بەڵکو بە هەڵوەشاندنەوە و هەڵپەساردنی ماددەکانی مەحکوم دەبێت، بەوەش دەست دەوەشێنرێت لە دەستەواژە گرنگەکەی “ ئاهەنگی جەژنەگەورەکە دەگێڕین “. کە بە هیمەتی سەرۆك مام جەلال و ی.ن.ك هاتەدی.
لەم روانگەیەوە ئەمڕۆ لیستی ٢٢٢ ـی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەهەر کات بە پەرۆشتر و بەهێز ترەوە هاتووەتە ناو ململانێ سیاسییەکەوە، شەڕە گەورە پەرلەمانییەکە دەکات بۆ پاراستنی مافە دەستوورییەکانی گەلەکەمان لە دەستوورە گەلپەسەندەکەی ساڵی ٢٠٠٥ کە سەدا هەفتای دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان و بازنەی ماددەی ١٤٠یش بە بەڵێ دەنگیان بۆ دا . بەمەش ی.ن.ك وەك چۆن هەمیشە هێزێکی کاریگەر بووە لە جەنگ و ململانێی نەرمی کاتی پێشنوسی دەستووردا، لەم هەڵبژاردنەشدا بە هەمان شێوە بووەتە هێز و بازوی پتەوی دەنگدەرەکانی، چونکە بەو پەڕی متمانە و بڕوا بە خۆبوونەوە دەبێتە ئەو هێزە گەورە و یەکلاییکەرەوەی کە لە پێناوی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان بێسڵ کردنەوە شان بداتە بەر سەختییەکان، تا وەك یەکی و یەکسانیی بۆ هەموو عیراقییەکان دەستبەر بکات کە رۆڵەکانی گەلەکەمان بەشێکی گرنگن لە عیراقدا، بەو پێیەی ماددەی ١٤ـی دەستوور دووپاتی دەکاتەوە عیراقییەکان هەمویان لەبەردەم قانوندا وەك یەکن بێ جیاوازی نەژاد، رەگەزی نێر و مێ، رەنگ ، بنەچە ،ئایین ،ئایینزا، بیروباوەڕ ، یاخود باری ئابوریی و کۆمەڵایەتیی، بەمەش چەمکی هاوڵاتیی بون و یەکسانیی و دادپەروەریی زامن دەکرێت ،دیارە ئەوەش هەر بە ی.ن.ك دەکرێت و راست دەکرێتەوە کە ئێستا بە هۆی بارودۆخێکەوە نەك هەر بۆ کورد بەڵکو بۆ پێکهاتەکانی تریش لار بووەتەوە .
ئەوێ رۆژێ کە سەرۆك مام جەلال مژدەی گێڕانی ئاهەنگی جەژنە گەورەکەی لە بەغداد دەدا بە گوێی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و تەواوی عیراقییەکانیشدا، دەیزانی دەبێت هەموان لە بەغداد کۆبنەوە پێکەوە رێوشوێن دابنێن بۆ بنیاتنانی وڵاتێکی بەهێز و دیموکرات تا هاوڵاتییەکانی هەست بکەن خەڵکی ئەم وڵاتەن کە دەیان ساڵ بو مافەکانیان زەوتکرابوو، لە کۆتاییشدا مژدەکەی بەدیهێنا، هەم هێزە سیاسییەکانی کوردستانی بە یەك دەنگ یەکخست بۆ بەشداریی کارا لە عیراقی نوێ و زامنکردنی مافەکانی گەلی کوردستان، هەم ی.ن.ك و هێزە کوردستانییەکانیشی کردە داکۆکیکاری مافی پێکهاتەکانی تری عیراق .
ی.ن.ك بە راست و رەوانی لیستی دوو دوو دوو لەبەردەم ئەو ئەرکە قورسەدایە کە بەغداد بکاتە ئەو سەنتەر و پێگەیەی کە گەلی کوردستان تیایدا بەهێز و یەك دەنگ ببینرێت، بۆیە پێویستە بەردەوام دەنگدەران بەو راستییە ئاشنابن کە ئەم هەڵبژاردنە بۆ دیاریکردنی کاندیدانی لیستی ٢٢٢ تا لە ژێر قوبەی پەرلەماندا بە داتا و ماددەی دەستووریی و قانونی شەڕێکی رەوا بکەن بۆ گەلەکەیان بێ جیاوازیی، پێکهاتەکانی تریش لەوە دڵنیابن کە سەرکەوتنی لیستی ٢٢٢ ـی ی.ن.ك لەقازانجی ئەوانیشدایە هێزێکی باڵانس راگرە، ئەوەی بۆ گەلی کوردستان بەدی دێت بۆ ئەوانیش بە هەمان شێوەیە.
کاتێك سەرۆك مام جەلال هیوا و ویستی دەردەبڕی بۆ بەدیهاتنی ئاهەنگی جەژنە گەورەکە لە بەغداد، تەنیا بۆ یەکێتییەکانی نەبوو، بەڵکو بۆ هەمو رۆڵەکانی گەلی کوردستان و عیراقییەکانی تر و هەموو حزبە سیاسییەکانی مەبەست بوو، ئەمڕۆش کە ی.ن.ك شانی داوەتە بەر ئەم ئەرکە قورسە و دەڵێت هێزی تۆین لە بەغداد، خەبات و شەڕە قانونی و دەستورییەکەی لە پێناوی هەموواندایە نەك هەر بەتەنیا یەکێتییەکان، ئەوەش ئەزمونەکانی رابردوو ئاشکرایان کردووە و سەلماندویانە .
بۆیە دەبێت هەمووان واقیعیانە خاڵەکان بخەینە سەرپیتەکان و بەغداد بە موڵکی خۆمان بزانین و بە ئاشکرا دەنگمان زولاڵ بێت کە لە بەغداد پێگەی گەلەکەمان بە یەکگرتوویی بە جیاوازیی روانینەکانەوە بەهێز دەکەین، هەر لە بەغدادیشەوە دەتوانین هەرێمی کوردستانەکەمان بەهێز بکەین و ژیانێکی پڕ لە ئاسودەیی و خۆشگوزەرانیی بۆ گەلەکەمان دابین بکەین، هەر بەو قورساییە سیاسیی و مێژوییە یەکێتییەکەمان لە بەغداد و لە خولی هەفتەمینی ئەنجومەنی نوێنەراندا جێبەجێبوونی تەواوی بڕگەکانی ماددەی ١٤٠ ـی دەستوور و کوردستانیی بوزنی ئەو ناوچانە زامن بکەین، بەوەش ئۆقرەیی سیاسیی ،ئابوریی و کۆمەڵایەتیی لەو ناوچانەدا زیاتر دەستەبەر دەبێت .
کەواتە سەرۆك مام جەلالی مەزن روانینەکەی لە روانگەی ئەو خاڵانە و چەندین فاکتەری تری واقیعیانە بوو کە دەیفەرموو ئاهەنگی جەژنە گەورەکە لە بەغداد دەگێڕین، بۆیە ئەمڕۆش ی.ن.ك بە لیستی (٢٢٢)ەوە هاتووەتە نێو ئەو شەڕە دیموکراسییە رەوایە تا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت و بە شەڕی دیالۆگ و سیاسیی دەستکەوتەکان بۆ گەلەکەمان فەراهەمتر بکات و چیتر کێشەیەکان بە هەڵپەسێراوی نەمێننەوە و مافە دەستوورییەکانمان نەکەونە بەر هەڕەشە و مەترسیی هیچ لایەنێك، کێشەیەکیش نەمێنێت بە ناوی مووچەوە کە کراوەتە چەکێك هەر لایەنە بۆ مەرامێك موزایەدەی پێوە دەکات، بۆیە ئێستا بەغدادەکەی سەردەمی سەرۆك مام جەلالی مەزن گۆڕاوە و ئەرکی ی.ن.ك و لیستی دوو دوو دوو قورسترە، بۆیە پێویستە هەمووان بێ دوودڵی دەنگ بدەین بۆ ئەم لیستە بەرپرسیار و کوردپەروەر و نیشتمانییە لەم روانگەیەشەوە ئەو راستییە زیاتر بەرجەستە دەبێت، بە سەرخستنی لیستەکەمان یەکگرتوویی و یەکڕیزیی هێزە سیاسییەکان نەك هەر کوردستانییەکان بەڵکو عیراقییەکانیش زیاتر زامن و مسۆگەر دەبێت ،ئەوەش فاکتەری سەرەکییە بۆ ئۆقرەیی سیاسیی لە عیراق و ناوچەکە ،جیهانیش بە بەیاخی زیاترەوە دەڕوانێتە هەرێمی کوردستان و عیراق.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە