کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

بۆ چارەسەركردنی قەیرانی كەمئاوی لە عیراق كۆبوونەوەیەكی وەزاری بەپەلە ئەنجامدرا

.

10:49 PM - 28/09/2025

بۆ چارەسەركردنی قەیرانی كەمئاوی لە عیراق كۆبوونەوەیەكی وەزاری بەپەلە لە نێوان سێ وەزارە بەڕێوەچوو و راسپاردەكانی كۆبوونەوەكەش لە دانیشتنی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیراندا دەخرێنەڕوو.

بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانی عیراق، كۆبوونەوەیەكی راوێژكاری هاوبەش لەسەر ئاستی وەزیرانی سەرچاوەكانی ئاو، كشتوكاڵ و ژینگە بۆ تاوتوێكردنی چارەسەری قەیرانی وشكەساڵی و كەمی ئاو لە عیراق ئەنجامدراوە.

لە كۆبوونەوەكەدا، وەزیری سەرچاوەكانی ئاو دووپاتی كردووەتەوە، عیراق بە سەختترین ساڵی وشكەساڵیدا تێدەپەڕێت كە لەماوەی 90 ساڵی رابردوودا هاوشێوەی نەبووە. هەروەها، هۆكاری ئەم قەیرانەی بۆ گۆڕ‌انی كەشوهەوا و بەردەوامی دروستكردنی بەنداو لەلایەن وڵاتانی دراوسێ گێڕ‌اوەتەوە، كە بەهۆیەوە بەشە ئاوی پێویست ناگاتە عیراق و كاریگەری لەسەر دۆخی ژینگەیی و كشتوكاڵی عیراق دروستكردووە.

لە كۆبوونەوەكەدا، هەڵۆ عەسكەری وەزیری ژینگەی عیراق كورتەیەكی لەسەر كێشەی پیسبوونی رووبارەكان خستووەتەڕوو كە لە ئەنجامی فڕ‌ێدانی پاشماوە و پاشماوەی پیشەسازییەوە دروستبووە. داواشیكرد، میكانیزمێك بۆ كەمكردنەوەی ئەم دیاردەیە بۆ پاراستنی تەندروستی هاووڵاتیان بگیرێتەبەر.

هەر لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، وەزیرەكانی بەشدار لە كۆبوونەوەكە چەند ر‌اسپاردەیەكیان ئامادە كردووە، بۆ ئەوەی لە دانیشتنی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران بخرێتەڕوو، ئەمە جگە لەوەی داوایان كردووە تیمێكی وەزاری باڵا جگە لە تیمی تەكنیكی، بۆ دانوستان لەگەڵ توركیا بۆ زیادكردنی ر‌ێژەی بەردانەوەی ئاو پێكبهێنرێت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

GK Sat Frequencies

NileSat:V:11564 - 27500

سەرەوە