.
03:05 PM - 27/09/2025
رێبین عمر
ئیتر وەختییەتی کە کورد باشتر لە فاکت و لۆژیکی دیالۆگ و ئاشتی بگات و پەنا بۆ چارەسەری ریشەیی ببات، بگرەوبەردەو پەک خستنی دانوستاندنەکان تەنها خەڵک باجەکەی دەدەن و بارگرانی گەورە لەسەر شانی هاوڵاتیان دروستدەکات .
لەسەردەمی سەرۆک مام جەلال تەنگەژە زۆربوون، بەڵام بە حیکمەتێک چارەی دەکرد چونکە مام جەلال سەرکردەی قۆناغە قورسەکان بوو باش لەوە دەگەیشت کە ئێمە لەکوێ دەژین .
لە مێژەوە عێراق وایە بێ گرفت و سەرئێشەنییە و خەرەندی ناکۆکییە سیاسییەکانە و زۆرجاریش ناوەندی بەدحاڵی بوونە.
خۆشبەختانە لەم سەردەمە رێگەی دیالۆگ پان و بەرین و واڵایە ؛ بەڵام ئەوەی دانایە ئەو سەرکردەیەیە کە باش دۆخی ناوخۆیی و ناوچەیی دەخوێنێتەوەو لە کۆشکەکان دێتە خوارەوەو پەنا بۆ ئەو رێگەیە دەبات و لەبەر میللەت هەموو رێگەیەک دەگرێتەبەر .
سەرۆک بافڵ ئەوەی کرد کە گەل موحتاجییەتی، ئەوەی کرد کە خەڵک دەمێکە هاواری بۆ دەکات و بریتییە لە نان و ژیان .
هامووشۆکانی بۆ بەغداد و لێدان لە دەرگا داخراوەکان ؛ ئەنجامی گەورەی هەبوون کە ئێستا ناوی نراوە رێککەوتنی سیاسی و نەوتی پێ بەرێکرا .
سەرۆک بافڵ، کۆتایی بە سەردەمی غروری نا بەجێ هێنا کە ئاگایان لە دۆخی هەڵگوشاوی زگی برسی خەڵک نییە .
دەرکەوت سیاسەتی لوتبەرزی هیج بەهیچ ناکات و کۆڵەکەی دەسەڵات لاواز دەکات .
جگە لەوەش بەناچاری خەڵکی بە برسیبوون، بخەیتە بەردەم کۆمەڵێک سلۆگانی بەتاڵ و بێ واتای نەتەوەیی .
لە کۆتا کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا سودانی بە ستایشەوە باس لە مکوڕبوونی سەرۆکی یەکێتی دەکات بۆ گەیشتن بە چارەسەری راستەقینەو کۆتایی سەرئێشەی بگرەو بەردەی نێوان هەرێم و بەغداد .
خۆشبەختانە هەموو ئەو دەستکەوتانەی لە نێوان هەرێم و بەغداد هاتنە دی و رێککەوتنی لێکەوتەوەو نەوتی دووبارە هەناردەی دەرەوە کردەوە .
بە هەوڵی جددی سەرۆک بافڵ و بەرێز قوباد تاڵەبانی وەک فراکسیۆنی یەکێتی لە حکومەت ، کە بە حیکمەت و دانایی دوور لە غرور ؛ بوونە عەبا رەشەکەی کەعبەو ناکۆکییەکانیان لە نێوان هەرێم و بەغداد بردە قۆناغێکی تری سیاسی و ئابوری و دواجار رێککەوتنێکی گرنگی لێکەوتەوە ، سەردانە زۆرەکانی سەرۆک بافڵ بۆ بەغداد بووە هەوێنی چارەسەری دۆخە چەق بەستووەکەی سیاسی و ئابوری نێوان هەرێم و بەغداد .
ئێستا وەختییەتی کە گشت سەرکردایەتی سیاسی کورد لە هەرێم ؛ دوور لە سەپاندنی ئەجێندا بە رۆحی چەپکە گوڵەکە پێکەوەبن، بۆ گەل کاربکەن و یەکبن لە پێناو ماف و پاراستنی دەستکەوتە باڵاکانی خەڵکی کوردستان و کۆتایی هێنان بە سیاسەتی دروستکردنی تەنگەژەو برسیکردن .
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە