.
09:37 AM - 27/09/2025
لەدوای دوو ساڵ و شەش مانگ، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سەعات شەش و 50 دەقیقە، بۆ یەكەمجار هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهانی توركیا دەستیپێكردەوە.
بەرپرسێكی وەزارەتی نەوتی عیراق ئاشكرایكرد، هەناردەكردنی نەوت لە كێڵگەكانی هەرێمی كوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهانی توركیا بەبێ گرفت و كێشە دەستیپێكردەوە و لە قۆناغی یەكەمیشدا ڕۆژانە 190 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەكرێت، هەروەك بڕیارە لەماوەی 24 سەعاتدا نەوتەكە بگاتە بەندەری جەیهان.
لەوبارەیەوە عەلی نزار، بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای سۆمۆ، رایگەیاند، رێككەوتنەكە ئەنجامی 30 مانگ دانوستان بووە و رێككەوتنێكی كاتی نییە، بەڵكو دەبێتە بناغەی رێككەوتنێكی دوورمەودا و كۆتایی بە چەندین ساڵ ناكۆكیی نێوان هەولێر و بەغدا دەهێنێت. وتیشی، دەكرێت هەر بەم رێككەوتنە، نەوتی كەركوكیش لە رێگەی بۆریی توركیاوە هەناردە بكرێتەوە.
بەپێی یاسای بودجەی عیراق، پێویستە هەرێمی كوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت تەسلیمی سۆمۆ بكات. لە بەرامبەریشدا بەغدا شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان خەرج دەكات.
لە ئێستادا ڕۆژانە نزیكەی 240 هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێمی كوردستان بەرهەم دەهێنرێت، لەو بڕەش 190 هەزار بەرمیلی لەڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە هەناردە دەكرێتو 50 هەزار بەرمیلیش بۆ پێداویستییەكانی ناوخۆ تەرخان دەكرێت. عیراق بەرامبەر بە هەر بەرمیلێك نەوتی بەرهەمهاتوو، 16 دۆلار دەداتە كۆمپانیاكانی نەوت.
لەرۆژی 25ـی ئاداری 2023، دوای بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس، هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهان راگیرا. زیانی راگرتنەكەش بەپێی دوایین ئاماری كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان (ئەپیكور) 35 ملیار دۆلارە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە