کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

لەتیف نێروەیی: سەرۆک بافڵ دەرگای چارەسەری کێشەکانی کردەوە

.

10:27 PM - 26/09/2025

لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان باسی لە بۆچوون و هەڵوێستی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی دەربارەی چارەسەری کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کرد و رایگەیاند: سەرۆک بافڵ تاڵەبانی بە نوێنەرایەتی هەموو هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەیەکەم کۆبوونەوەدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی حکومەتی فیدراڵ، گەیشتنە لێکتێگەیشتنێکی گرنگ، کە بووە کلیلی کردنەوەی دەرگا داخراوەکان.

 

لەتیف نێروەیی لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە چاوپێکەوتنێکیدا رایگەیاند: بۆچوونی سەرۆک بافڵ تاڵەبانی ئەوە بووە کە بە بایکۆت ناگەینە ئەنجامێکی ئەرێنی، واتا ناتوانین کێشەکان چارەسەر بکەین، بەڵکو کێشەکە ئاڵۆزتر دەبێت و دۆخی هاووڵاتییان و مووچەخۆران دژوارتر و سەختر دەبێت، قوڵایی ستراتیجی چارەسەری ئەم کێشەیە هەر بەغدایە.

 

لەتیف نێروەیی ئەوەشی روونکردەوە: سەرۆک بافڵ تاڵەبانی پێشنیاری کرد، دەرفەتێک بە ئەو بدەن، کە سەردانێکی بەغدا بکات، ئەم پێشنیارە پەسەند کرا، کە بە نوێنەرایەتی هەموو هەرێمی کوردستان سەرۆک بافڵ تاڵەبانی سەردانی بەغدا بکات و سەردانی بەغدای کرد و لەیەکەم کۆبوونەوەدا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی حکومەتی فیدراڵ، گەیشتنە لێکتێگەیشتنێکی گرنگ، ئەمەش بووە کلیلی کردنەوەی ئەو دەرگا داخراوانەی کە لە نێوان وەفدی دانوستانی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ هەبوون.

 

جێی ئاماژەیە سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ئەمڕۆ رایگەیاند: هەمیشە باوەڕمان وابووە و داکۆکیش لەسەر ئەوە دەکەین کە دیالۆگ و گفتوگۆ باشترین چارەسەرە بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان و گەیشتن بە ئەنجامی دڵخواز لە بەرژەوەندی هاوڵاتییانمان.

 

ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌، رۆژی 15 ی 7ی 2025، بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان گه‌یشته‌ به‌غدا و له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق، له‌ باره‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم كۆبووه‌وه‌، هاوكات له‌ كۆبوونه‌وه‌ی نا ئاسایی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراقدا كه‌ رۆژی 17ی 7ی 2025 به‌ڕ‌ێوه‌چوو، سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق ستایشی هه‌وڵه‌كانی سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانی سه‌باره‌ت به‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر دۆسیه‌ی راده‌ستكردنی نه‌وت و داهاته‌ نانه‌وتییه‌كانی هه‌رێم و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا كرد. 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

GK Sat Frequencies

NileSat:V:11564 - 27500

سەرەوە