.
08:42 PM - 12/09/2025
باڵیۆزی ئیسرائیل: دەبێت قەتەر ئەندامانی حەماس لە وڵاتەكەی دەربكات
دانی دۆن، باڵیۆزی ئیسرائیل لە نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند، لە هەر شوێنێك بێت دژی سەركردەكانی حەماس دەوەستنەوەو هیچ پارێزبەندییەك بۆ تیرۆریستان نییە، داواش لە قەتەر دەكات ئەندامانی حەماس لە وڵاتەكەیان دەربكەن.
ڕاشیگەیاند، قەتەر بووەتە پەناگەیەكی گەورە بۆ تیرۆرستان و پێویستە قەتەر هەرچی زووە سەركردەو ئەندامەكانی حەماس لە وڵاتەكەی دەربكات، چونكە سەركردەكانی حەماس لە دەوحە داڕێژەری تیرۆربوون.
باڵیۆزی ئیسرائیل لە نەتەوە یەكگرتووەكان تەئكیدی كردەوە، هیچ پارێزبەندییەك بۆ تیرۆریستان نییەو قەتەر دەبێ ئەو كارەی حەماس ئیدانە بكاتو ئەندامەكانی دەربكات، چونكە بۆ لەمەودوا ئیسرائیل لە تونێلو هۆتێلەكاندا بەدوای تیرۆردا دەگەڕێت.
دانۆن باسی لەوەشكرد، حەماس هیچ پەلەیەكی نییە لە كۆتاییهێنان بە شەڕ و گرنگی بە دانیشتوانی غەززە نادات، بەهۆی ئەو كارە دڕندانەیەی حەماسەوە ڕۆژانە كەسوكاری بارمتەكان لە غەززە ئازار دەچێژن.
ئەوەشی ئاشكراكرد، كە ئەوە ئیسرائیل بوو داواكەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكای بۆ كۆتایهێنان بەشەڕ قبوڵكرد، بەڵام حەماس ڕەتیكردەوە
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە