.
11:28 AM - 08/09/2025
سێگۆشەی خڕ
کۆمێنت
كاروان ئەنوەر
وتی فریام نەکەویت، نیوەڕۆ باوکم بێتەوە سەرم لە لاشەم دەکاتەوە، چاوپێکەوتنێکم لە کەناڵێک کردووە، کەچی سەدان کۆمێنتی بێ مۆراڵ و پڕ جنێویان بۆ نووسیوم، تکات لێدەکەم، لێت دەپاڕێمەوە پێیان بڵێ بیسڕنەوە!
ئەمە پەیوەندیی کچۆڵەیەک بوو تاوانەکەی تەنها قەشەنگی و لەشولارە جوانەکەی بوو.
ماوەیەک لەمەوبەر لە سلێمانی سیمپۆزیۆمێکمان لەگەڵ پزیشکانی دەروونیی کوردستان سازکرد، تەوەری سەرەكیی کاریگەرییە دەروونییەکانی سۆشیاڵ میدیا بوو لەسەر بەکاربەران و ھاووڵاتیان، بابەتی کۆمێنت و نووسین و جنێودان لەلای پسپۆڕانی دەروونی زۆر لەوە قووڵتر و ترسناکتر بوو کە سەرپێییانە سەیریان بکەین، لە روانگە دەروونییەكانەوە ئەوانە كەسانێكن پێویستیان بە رێنمایی و چارەسەرە، ملنەدەرن بۆ یاسا و رێسا و ئایین و دابونەریت و پەروەردەی خێزان، ئەم جۆرەیان تەنها ئەو كەسانە دەگرێتەوە كە خۆیان كارەكە ئەنجام دەدەن، باسكردن لە كۆمێنتنووسی ئاڕاستەكراو لە نووسینێکی تردا باس لە مەترسییەكانی ئەوانیش دەکەین. بەڵام با ئەمڕۆ ئەم بەسەرهاتەی خۆمتان بۆ باس بکەم.
براتان سەردانێکی کۆڕی زانیاریی عیراقم کرد لە بەغدا، کە هەزاران دەستنووس و دۆکیۆمێنتی کوردانە و مێژوویی کوردیان دیجیتاڵ کردووەتەوە، سەردانەکەم بۆ بەرژەوەندیی گشتی و بۆ کورد تەنها خێر بوو، منیش وەک ئەو عالەمە لە پەڕە (واڵ) ی خۆمدا لە فەیسبووک شتێکم لەسەر نووسی، بە زمانی سۆشیاڵ میدیا (پۆست) ێکم لەسەر کرد، کەسێک کۆمێنتێکی بۆ نوسیبووم:
تا کەی عەرەب دەپەرستن تۆ شەقی عەرەبت بەر نەکەوتووە، کیمیاباران نەکراویت و ئەنفال نەکراویت، بۆیە عەرەبت خۆشدەوێت!
زۆر بێتاقەت و نیگەران بووم بەو كۆمێنتە، بە زمانێکی نەرم وەڵامێکم دایەوە کە هەموو ئەو کارەساتانەی باست کردووە بەسەر مندا ھاتوون، بەڵام رقم لە عەرەب نییە! دوای چەند رۆژێک، برینی ئەو کۆمێنتە هەر ساڕێژ نەبوو، هەر لە مێشکی خۆمدا دەمهێنا و دەمبرد، چوومە واڵ (خانە)ی كۆمێنتچییەکە، زانیم کە فەیک (درۆ) نییە و ناوەکە راستییە، لە ماسنجەر پەیوەندیم پێوەکرد و وەڵامی دامەوە، سڵاوم لێکرد و خۆمم پێناساند، ئەویش خۆی ناساند، دیاربوو یەکتر زۆرباش دەناسین و ھاوشاریشین، بە ویژدان سوێندم دا کە تۆ من دەناسیت و دەزانیت من كێم؟ باوکی رەحمەتیم لە سەردەمی بەعسدا چەندینجار زیندانی کراوە، خۆت دەزانیت نیوەی کەسوکارم شەھیدی کیمیابارانن، ئازیزترین کەسەکانی ژیانم ئەنفال کراون، دایکم و باوکی رەحمەتیم و بچووکترین براکانم لە ئەمنەسوورەکە و تۆپزاوا و لێواری نوگرەسەلمان گەڕانەوە، ماوەی دوو ساڵ تا رۆژی راپەڕین، خوشکەکانم و براکانم كە نۆ کەسی خێزانێک بووین، لە ترسی بەعس لە سلێمانی و موسڵ خۆمان دەشاردەوە، لە حکومەتی عیراق قاچاغ بووین، تۆ هەرگیز هێندەی من ئازارت نەچەشتووە، کەچی ئەو کۆمێنتەت بۆ نووسیوم! باشە نەتناسیمایە دەموت قەیناکا، رەنگە راستییەکان نەزانێت، بەڵام ئەی کوا ویژدانت!؟
وەڵامەکەی لە کۆمێنتەکەی شۆکهێنەرتر بوو!
بەخوا ئیتر مامۆستا تۆ بەرکەوتیت!
وتم یانی بەناهەق ناخی منتان شێواند، کە خۆت دەزانیت بەپێی یاسا ئێستا دەتوانم رێكارەكان بگرمەبەر؟
دەستیکرد بە پێکەنین و پەیوەندییەکەمان داخستەوە، ئەویش کۆمێنتەکەی سڕییەوە!
ئەمەش لە سێگۆشەی خڕ دەچێت!
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە